تورکیا ناوەندی سێ گوند لە بناری قەندیل بۆردووماندەکات
رۆژی پێنجشەممە 26-9-2019 کاژێر 17:00 دوو فڕۆکەی جەنگی تورکیا بەچڕی ژمارەیەک گوندی بناری قەندیلیان لە سنووری شارۆچکەی ژاراوەی قەزای پشدەر بۆردوومانکرد. بۆردوومانەکە ناوەندی ھەرسێ گوندی زێوکە، دۆڵە خڕە و کەونە شێنیای گرتووەتەوە.
شێخ عەباس زێوکەیی، دانیشتووی گوندەکە راگەیاند، لە شەوی رابردووەوە فڕۆکەکانی تورکیا چاودێری بناری قەندیل دەکەن و ئەمڕۆ کاژێر 17:00 ناوەندی گوندی زێوکەیان بە چڕی بۆردومانکرد. بۆمبەکان بە ناوەڕاستی گوند کەوتوون. دەرگا و پەنجەرەی خانووەکان شکاون و خەڵکی لە ترسی گیانیان لە ژێر زەمین و شوێنە پارێزراوەکان خۆیان شاردووەتەوە.
هەروەها بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر راگەیاند: شەوی رابردوو زێوکە و ئەمڕۆ ئێوارەش دوو گوندی دیکەش بۆردوومانکران و بۆردوومانەکە لە نێو ئاوەدانی و گوندەکان بووە.
قائیمقامی پشدەر دەڵێ: "زێوکە، دۆڵەخڕەو کۆنەشێنیا لە کاژێر 17:00 سێ جار بۆردوومانکراون و خەڵکی لە ترس و دڵەراوکێدایە، خەریکە گوندی زێوکە چۆڵدەبێت چونکە فڕۆکە خانووی گوندنشینانی خراپ کردووە".
