محەممەد حەکیم: ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک کرا شتێکی باشبوو

محەممەد حەکیم: ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک کرا شتێکی باشبوو
ئەندامێکی ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک روویدا بە "شتێکی باش " ناوی دەهێنێت و دەڵێت لە کەرکووک شەڕ کرابا لە خورماتوو خراپتری لێ بەسەردەهات.

محەممەد حەکیم، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی، لەکاتی بەشداربوونی لە پانێڵێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی گشتپرسیی سەربەخۆیی کە بە بەشداریی نوێنەری چوار بەرپرسی باڵای پارتی، یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی رێکخرابوو، باسی دەرئەنجامەکانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا رایگەیاند: "ئەگەر ناوچەیەکی کوردستانی زەرەرمەندبووبێت لە دەرئەنجامی ریفراندۆم، خەڵکی دوزخورماتوو بووە، ماڵیان تاڵانکرا و دووکانەکانیان سووتاندن و شەهیدەکانیان بەنێو شەقامەکاندا راکێشران".

محەممەد حەکیم پێشنیاز دەکات 16ـی ئۆکتۆبەر بە خیانەت ناوی نەهێندرێت و دەڵێت: "یەک داواکاریم هەیە، با واز لە تۆمەتبارکردنی یەکدی بە خیانەت بهێنین و بڵێین هەڵەیەی کرد، با دەست لە ملی یەک بکەین و هەنگاو بۆ ئاییندە بنێین، ئەوەندەش باسی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و ئەوانە نەکەین".

هەر لەبارەی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی گوتی: "یەک شتی عاقڵانە کرا، وەڵاهی عاقڵانەبوو.. من خەڵکی دوزم، خزمم زەرەرمەندبووە و خەڵکم تێدا چووە، بەڵام دەستخۆش کە کەرکووک وای لێنەهات، وەڵاهی شەڕ کرابایە کەرکووک خراپتری لێبەسەر دەهات، شتێکی باشکرا، چ ناوێکی لێدەنێن گرنگ نییە... وەکو کورد یەک هەڵەمان هەیە بە پەلە مۆری خیانەت لەیەک دەدەین".
Top