ڕاپەڕین.. ژن و مێردێک لەسەر دزی لە ماڵان دەستگیر کران
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى راپەڕین ل پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: "دوای ئەوەی هاووڵاتیان سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕینیان کرد بە مەستی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەوەی کە دزی لە ماڵەکەیان کراوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە کرایەوە و بڕیاری دادوەر بەدەست هات بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی بکەری تاوان، لە ئەنجامی هەوڵەکان و بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاری لەلایەن هێزەکانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین لە ڕانیە، لەم هەفتەیەدا ژن و مێردێکیان دەستگیر کرد کە لە ماڵان دزییان کردووە".
ئاماژە بەوەش کراوە: "دوای لێکۆڵینەوه لەگەڵیاندا لەبەردەم پۆلیس و دادگا دانیان بەوەدا ناوە کە بڕی (۳٥۰۰۰۰) هەزار دینار لە ماڵی دراوسێیەکیان دزیوە. لە کاتێکدا هەوڵیان داوە تێکەڵاوی لەگەڵ ماڵە دراوسێکانیان دروست بکەن و شارەزایی ناو ماڵەکانیان ببن و بە شەو بە نهێنی بچنە ماڵیان و دزیان لێبکەن".
پۆلیسى راپەڕین رونیشی کردوەتەوە: "لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت کە سێ ساڵ بەر لە ئێستا دزیان لە ماڵێکی دراوسێیان کردبوو لە شاری ڕانیە که بڕی ١٠ مساقاڵ زێڕ و۷۰۰۰۰ هەزار دیناریان دزیبوو و ئێستا تۆمەتباران هەردوو ژن و مێردەکە کە تەمەنیان لەسەروی ۱۸ ساڵە و دانیشتوی شاری ڕانیەن بەپێی مادەی ٤٤٤ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".
باسنيوز
