وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ پڕۆژه‌یه‌كی نوێ بۆ هاوكاری قوتابیان و مامۆستایان راده‌گه‌یه‌نێت

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ پڕۆژه‌یه‌كی نوێ بۆ هاوكاری قوتابیان و مامۆستایان راده‌گه‌یه‌نێت
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا پڕۆژه‌ی "هه‌وره‌فێرگه‌"ى په‌سندكرد، كه‌ خزمه‌تگوزاریی ئه‌لیكترۆنی فێركاری پرۆگرامه‌كانی خوێندنه‌ و له‌ قۆناغه‌كانی یه‌كی بنه‌ڕه‌تی تا 12ی ئاماده‌یی له‌ خۆ ده‌گرێت و بڕیاریش درا رێگه‌ نه‌درێت كرێی خوێندنی ناوه‌نده‌ ئه‌هلییه‌كان زیاد بكرێت.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بۆ زیاتر بایه‌خدان به‌و قوتابیانه‌ی كه‌ له‌ پۆله‌كانی 2،3،4ی بنه‌ڕه‌تی به‌ زمانی ئینگلیزی هه‌ردوو بابه‌تی زانست و بیركاریان خوێندووه‌ و ئه‌مساڵ پرۆسه‌كه‌ راگیرا بڕیاردرا، به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كانی په‌روه‌رده‌ی پارێزگاكان تا پێش 1/10/2019 كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستایانی بیركاری و زانستی ئه‌و قوتابخانانه‌دا ئه‌نجام بده‌ن، كه‌ پرۆسه‌كه‌ی تێدا راگیراوه‌ و میكانیزمی پێویستیان بۆ روون بكه‌نه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی دووباره‌ شیاندنی ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌و دوو بابه‌ته‌دا له‌ ئه‌مساڵی خوێندندا به‌ كوردی ده‌خوێنن.

به‌ گوێره‌ی نووسراوی ره‌سمی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیار دراوه‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌یكه‌ری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ درووست بكرێت و له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا ره‌شنووسی پێشنیازكراوی په‌یكه‌ری وه‌زاره‌ت ئاماده‌ بكه‌ن.

هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی خوێندنی باخچه‌ و قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌ ناحكومییه‌كان، بڕیار دراوه‌ بۆ ئه‌مساڵی خوێندنی (2019-2020) رێگه‌یان پێ نه‌درێت به‌ هیچ جۆرێك نرخی خوێندن زیاد بكه‌ن.
Top