سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: گەلان مافی خۆیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن
کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 25-9-2019 دەستی پێ کرد و تێیدا رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و ئێستاش “بۆچوونمان وایە، مافی چارەی خۆنووسین مافێکی سرووشتی و ئەزەلیی هەر گەلێکە”.
رێواز فایەق هەروەها رایگەیاند، مافی سەربەخۆیی گەلان لە پرەنسیپێکی نێودەوڵەتییەوە بۆ مافێکی بنەڕەتی گۆڕاوە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان وەک مافێک لە مافەکانی گەلان ناساندوویانە و “ڕاپرسیش ئامرازێکی سەرەکیی گوزارشتکردنی گەلانە”.
سەرۆکی پەرلەمان لە وتارەکەیدا، جەختی لەسەر ئاشتیخوازیی گەلی کوردستان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، “پێش و پاش ئەنجامدانی ڕاپرسی، جەختکردنەوە لەسەر دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، بژاردەیەکی بەردەوامی گەلەکەمان و پەرلەمانیش بووە”.
رێواز فایەق لەبارەی رووداوەکانی دوای ریفراندۆمی سەربەخزۆیی کوردستان، کە بە “نەخوازراو” ناوی بردوون، رایگەیاندووە، “گەلی کوردستان خوازیاری چارەسەری سەرجەم کێشەکانیەتی لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، کە هەموو دەنگمان پێ داوە. بۆ ئەوەی چیتر پێشێلکاریی دەستووری بەرامبەر بە مافەکانمان نەکرێت”.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تەبایی و گیانی بەیەکەوە کارکردنی هەموو لایەنەکان بە پێویستیی گەلی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی دژایەتیکردنی ئەو گەلە دەزانێت و رایگەیاندووە، “تا ئێستاش هەوڵی خاڵیکردنەوەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە دەستوورییەکان بەردەوامە، بەڵام دواجار بژاردەی گەلان لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان بەو ئامرازەی خۆیان هەڵی دەبژێرن، مافێکی سرووشتییە”.
رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، هاووڵاتییانی باشووری کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، دەرکەوت زیاتر لە %92ـی هاووڵاتییانی کوردستان دەیانەوێ کوردستان لە عێراق جیا بکرێتەوە و سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت.
ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە سەرۆک بارزانی رێبەرایەتی و جەختی لەسەر ئەنجامدانی دەکردەوە، بە ڕای زۆرینەی سیاسەتمەدارانی کورد رووداو و شۆڕشێکی گەورەی نەتەوەیی بوو لە مێژووی گەلی کوردستان و تا هەتایە کوردستانییەتی کەرکووک و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی، سەلماند.
باسنيوز
