سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داوای ناساندنی ٢٥ی ئەیلوول بە ڕۆژی نیشتمانیی گەلانی کوردستان دەکا
لە میانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی ٩ی ٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داوای لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرد، ڕۆژی ٢٥ی ٩ی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی نیشتمانیی گەلانی کوردستان بناسێنرێت.
ڕوونیشی کردەوە کە هەرچەندە پڕۆژەیاسایەکیان لەم کاتەدا بۆ پێشنیازەکە ئامادە نەکردووە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت ڕێکارێکی خێرا بۆ ناساندنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی نیشتمانیی گەلانی کوردستان بگرێتە بەر.
لە بەرامبەردا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند کە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیار لەسەر رۆژی نیشتمانیی گەلانی کوردستان بدات، بەبێ ڕێکارەکانی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسا بگیرێتە بەر.
داواکارییەکەی ئومید خۆشناو بۆ ناساندنی ٢٥ی ئەیلوول بە ڕۆژی نیشتمانیی گەلانی کوردستان بەو بۆنەیەوە دێت کە لە ٢٥ی ٩ی ٢٠١٧دا گەلانی کوردستان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ٩٢.٧٪ی خەڵکی کوردستان لە ڕیفراندۆمێکی دیموکراسییانەدا، بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا.
باسنیوز
