عیرفان کەرکووکی: بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە کەرکووک کارێکی سەختە
عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان ڕاگەیاند: "ئێمە وەک پارتی گەلی تورکمان لەگەڵ ئەوەدا نین ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە سایەی داگیرکاریی سەر کەرکووکدا بکرێت، تا ئەوکاتەی ئەو ھێزانەی لە دەرەوەی کەرکووک و ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە ھاوردەی شارەکە کراون، دەکشێنەوە و ڕەوشی ئاڵۆزی کەرکووک ئاسایی دەکرێتەوە، ئینجا تەوافوق و شەراکەتی ڕاستەقینە لە ڕووی ئیداری و سەربازییەوە بکرێت و ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ کەرکووک و ھەماھەنگی لە نێوان دەزگای ئەمنیدا ھەبێت، تا ھاووڵاتیان و لایەنەکان بتوانن لە کەشێکی ئارامدا بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکەن."
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان دەشڵێت: "من کە ماڵ و بارەگام لێ داگیر کرابێت و تەنیا ھێزێک بە ناوی تورکمان بانگەواز بکات بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، زۆر زەحمەتە ھەڵبژاردن لەژێر سایەی ڕەوشێکی ئاڵۆزی توندا بەڕێوە بچێت، کەس ناتوانێت لە ژێر دەسەڵاتێکی سەربازیی سەپێندراودا مومارەسەی مافی یاسایی و دەستووریی خۆی بکات."
عیرفان کەرکووکی ڕوونی کردەوە: "پێویستە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن بە شێوەیەکی دیموکراتیانە کەشێکی گونجاو فەراھەم بکرێت، تا لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا بتوانن بانگەشە بۆ لیستەکانیان بکەن و بەپێچەوانەوە لە کەرکووک ھەڵبژاردن بۆ ھەندێ لایەنی سیاسی کارێکی سەختە."
