بێشکچی: هیچ جارێک گرنگیی ئەنجامی ڕیفراندۆم ون نابێت
بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستان بوو بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی و لە حوزیرانی ساڵی ٢٠١٧دا زۆربەی هەرە زۆری لایەنە سیاسییەکان ڕۆژی ڕیفراندۆمیان دیاری کرد.
ئیسماعیل بیشکچی، بیرمەند و کۆمەڵناس و دۆستی دیڕینی گەلی کورد دەڵێت: "پشکداریی ٧٢%ی خەڵک و گرنگیی ئەنجامی نزیکەی ٩٣% دەنگی بەڵێی خەڵکی کوردستان هیچ جارێک ون نابێت."
ئیسماعیل بیشکچی گوتی: "کوردان لە ٢٥ی ئەیلوولدا بۆ گەلانی جیهانیان دیار کرد کە چییان دەوێت و دەتوانن چی بکەن و دۆست و دوژمنیش لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمدا زانییان."
بێشکچی دەشڵێ: "ڕۆژی ڕیفراندۆم بۆ تەواوی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان ڕۆژێکی خۆش و بەختەوەری و مێژووییە و تاهەتایە لە بیری تاکی کورددا دەمێنێتەوە، چونکە کوردان بە خواستی خۆیان ئایندەی خۆیان نیشانی دنیا دا و خواستی خۆیان گوت."
لە ڕیفراندۆمدا بیری نەتەوایەتیی کورد پێش بیری حزبایەتی کەوت، هەرچەند بەهۆی هەندێک هەڵەوە ئەنجامەکان دوا خران، بەڵام هیچ جارێک ئەنجامی دەنگی گەلی کورد نافەوتێت، چونکە گەلی کورد داوا دەکات و خواستی گەلە و هیچ هیزێک ناتوانێت بەرانبەری بوەستێت.
دەبێ تەواوی گەلی کورد پەند و وانە لە قڕکردن و ئەنفال و هەڵەبجە وەربگرن و دەبێ بیری نەتەوەیی لە هەموو ناوچە و شارێک زاڵ بێت و دەبێ ئەم بیرە هەموو ناوچەیەک بگرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو هزرە دژەناسیۆنالیستییە ڕاماڵێت، چونکە گرنگە ئێستا کورد بیر لەوە بکاتەوە کە ئیستا پێویستە چی بکات و دەبێ چی بکات."
