وەزارەتی شەهیدان ئامادەكاری بۆ هێنانەوەی ڕووفاتی نێو گۆڕەكەی سەماوە دەکرێت

وەزارەتی شەهیدان ئامادەكاری بۆ هێنانەوەی ڕووفاتی نێو گۆڕەكەی سەماوە دەکرێت
بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، وەزارەت ئامادەكاری بۆ هێنانەوەی ئەو ١٧١ ڕوفاتەی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە دەكات.

سیروان جەلال، بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ڕاگەیاند: "ئێستا وەزارەت سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ هێنانەوەی ١٧١ ڕوفاتەكەی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی سەماوە كە ٧٤یان منداڵن و ٩٧یان ژنن، بەڵام هێشتا دیاری نەكراوە کە ئاخۆ لە "گۆپتەپە" یان "دێبنە" بە خاك دەسپێردرێن“.

بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەبارەی سكاڵاكەی تەیموور تاقانەی ئەنفال بۆ ڕاگرتنی هەڵدانەوەی دوو گۆڕە بەكۆمەڵەكەی دیكە لە سەماوە، ئاماژەی بەوە كرد: ”١٠٠٪ لەگەڵ داواكارییەكەی تەیمورین و دەبوو زووتر ئەو كارە بكرایە".

ڕوونیشی كردەوە: "كاتی هەڵدانەوەی دوو گۆڕە بەكۆمەڵەكەی دیكە لە سەماوە هێشتا نادیارە، هۆكارەكەشی بۆ داواكارییەكەی تەیموور تاقانەی ئەنفال دەگەڕێتەوە، كە داوای دادگاییكردنی جاش و مستەشارەكان، لەلایەكی دیكە حكوومەتی عێراق كە میراتگری ڕژێمی بەعسە داوای لێبووردن بكات، هەروەها پشکی كەسوكاری قوربانییانی ئەنفال زیاد بكرێت، ڕای گەیاندووە ئەگەر داواكارییەكەی جێبەجێ نەكرێت، ڕێگری لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەكات"".

ئەوەشی خستە ڕوو: "تیمێكی كۆیتی دوای ساڵی ٢٠٠٣وە دەستی بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان كردووە، بەدوای قوربانیانی خۆیدا دەگەڕێت، گۆڕی قوربانیانی كوردیش بەبێ ڕەزامەندیی كورد هەڵدەدەنەوە و بەڵگەنامەكان دەشێوێنن، لەبەر ئەوەی ئەو گۆڕانە لە سنووری حكوومەتی عێراق دان، پێویستە تیمێكی هاوبەش لە نێوان هەرسێ حكوومەتی هەرێم و بەغدا و كۆیت پێكبهێنرێت".












باسنيوز
Top