ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێك بۆ فەرمانبەران دەردەكا
بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان، كە لە 11ی 9ی 2019 دەرچووە و كۆپییەكی نووسراوەكە، ئاماژە بەوە كراوە، كە بۆ كەمكردنەوەی رۆتین و رێكخستنی ئەو نووسراوانەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەنێردرێن، چەند رێكارێكی تازەیان گرتووەتە بەر. جەختیش كراوەتەوە، بە رەچاوكردنی بارودۆخی دارایی و رێكخستنەوەی میلاكات، چەند كارێك هەیە دەبێت وەزارەت و فەرمانگەكان لە كاتی نووسراو پابەندی بن، ئەگەر پابەند نەبن، ئەوا نووسراوەكانیان رایی ناكرێت.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، هیچ نووسراوێكی دامەزراندنیان بۆ بەرز نەكرێتەوە، تا ئەو كاتەی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵانەدا لە لایەن ئەنجومەنی باڵای راژە رێك دەخرێت.
پەیوەست بە گەڕانەوەی فەرمانبەران بۆ راژەی سەربازی و شارستانی، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردووەتەوە، تەنیا ئەو فەرمانبەرانە گەڕانەوەی وەزیفەیان بۆ دەكرێت كە بەهۆی حوكمی دادگا یان دۆسێیەكی دادوەرییەوە لە راژە دادەبڕێن.
هەروەها هەموو نووسراوێكی تایبەت بە گواستنەوەی تەنسیبكردنی فەرمانبەران لەدەرەوەی هەرێم بۆ ناو دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی وەزیران كاری لەسەر ناكرێت، چونكە راگیراوە. گواستنەوەی فەرمانبەرانیش لە یاسای خزمەتی سەربازی بۆ شارستانی و بەپێچەوانە لە شارستانی بۆ سەربازی، كاری لەسەر ناكرێت و رەت دەكرێتەوە.
لەو نووسراوە ئەنجومەنی وەزیران ئاشكراشی كردووە، هەموو درێژكردنەوەیەكی خزمەت بۆ ئەو فەرمانبەرانە راگیراوە، كە ماوەی یاساییان تەواو كردووە، بۆیە دەبێت ئەو كەسانە خانەنشین بكرێن و ماوەی خزمەتیان بۆ درێژ ناكرێتەوە.
روونیش كراوەتەوە، هەر نووسراوێك بۆ تەرخانكردن و نوێكردنەوەی رەزامەندیی گواستنەوەی زەویی نیشتەجێكردن ئاڕاستەیان بكرێت، كاری لەسەر ناكرێت.
نووسراوەكانی تایبەت بە قەرەبووكردنەوە، كەوا وەزارەت و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لێی بەرپرسیار نین، كاریان لەسەر ناكرێت، بەڵام ئەگەر فەرمانگەیەكی حكوومی بەرپرس بێت، ئەوا كاری لەسەر دەكرێت.
ئەوەش هاتووە: "هەروەها نووسراوی كڕینی ئۆتۆمبێل بۆ بەكارهێنانی تایبەتی و نووسراوەكانی تایبەت بە هاوكاریی دارایی بۆ هەر مەبەستێك بێت، كاری لەسەر ناكرێت".
د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی راگەیاند، ئەو بابەتە پەیوەندیی بە رێكخستنەوەی كاروبارەكان و چۆنیەتیی ناردنی نووسراوەوە هەیە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
باسنیوز
