خۆکوشتن لە کرماشان زیادیکردووە

خۆکوشتن لە کرماشان زیادیکردووە
حاڵەتی خۆکوشتن لە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە و تەمەنی خۆکوشتنیش دابەزیووە، بەرپرسانیش دەڵێن، بەهۆی کێشە ئابوورییەکان چاودێری خێزانەکان لەسەر منداڵەکان کەمیکردووە.

سیروس خانی، جێگری سیاسی و ئەمنی قایمقامی کرماشان رایگەیاند، ئاماری خۆکوژی لەو پارێزگایە بەتایبەت لەنێو گەنجان بەرزبووەتەوە، تەمەنی ئەوانەی خۆیان دەکوژن لە کرماشان بۆ خوار 15 ساڵ دابەزیووە.

بە گوتەی سیروس خانی، لەنێو ئەو کەسانەی کە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، کەسانی 13 و 14 ساڵانیش هەن.

ئەو بەرپرسەی کرماشان لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی ئامارەکە دەڵێت، بەهۆی کێشە و گرفتە ئابوورییەکان لە خێزانەکاندا چاودێری منداڵان کەمتر بووەتەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش، پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستان لەڕیزی ئەو پارێزگایانەدان کە زیاترین رێژەی خۆکوژییان تێدایە.

زیادبوونی رێژەی خۆکوژی لەلای گەنجان بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری لەکاتێکدایە ئەمریکا رۆژ بە رۆژ سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و ئابووری ئەو وڵاتە بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رووخاوە. هەرچەندە ئەمریکا دەڵێت، سزاکان بۆسەر دەسەڵاتدارانی ئێرانە، بەڵام خەڵکی ئێران زەرەرمەندی یەکەمی ئەو سزایانەن.
Top