تۆمارێکی ڤیدیۆیی دزیکردنی شەوانەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک بڵاو دەبێتەوە
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، کە بە کامێراکانی چاودێری تۆمار کراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، چەکدارانی حەشدی شەعبی بە پیکابێک دزی لە بازاڕی خان خورما لە کەرکووک، دەکەن.
ئەو چەکدارانە دوای کاتژمێر 12ـی شەو، لە بازاڕەکە میوە و کەلوپەلی دوکانەکانی بازاڕی خان خورما دەدزن.
دوای خیانەتی 16ـی 2017 و داگیرکردنی کەرکووک، حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ئەو شارە کوردستانییەدا گرت.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.
چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
