د. ئەحمەد دزەیی: كەمپی نوێی زانكۆی سەلاحەدین دروست دەکرێت
د. ئەحمەد دزەیی، سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین ڕايگەیاند: "لە كابینەی هەشتەمدا زۆر هەوڵم دا موڵكەكانی زانكۆی سەلاحەدین بە ناوی زانكۆوە بكرێن بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا بیدەین بە وەبەرهێنەران بۆ دروستكردنی كەمپی زانكۆ، چونكە ئەمە تاكە ڕێگەیە لەم قەیرانە داراییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ دروستكردنی كەمپی نوێی زانكۆ، بەڵام ئەوەم بۆ نەچووە سەر".
سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین ئەوەشی خستە ڕوو كە لەگەڵ دەستبەكاربوونی وەزیری نوێی شارەوانی و گەشتوگوزار پەیوەندیی پێوە كردووە و لەگەڵی دانیشتووە، ئاشكرای كرد: "دۆسیەیەكی تەواوم خستە بەر دەستی، بە هیوای ئەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی هەولێردا كاری لەسەر بكەن، ئەگەر بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێ بكرێ و موڵكەكان بخرێنە سەر ناوی زانكۆ، ئەوا دەكرێت كۆمپانیایەك بێت و دەست بەكار بێت بۆ دروستكردنی كەمپەكە".
هاوكات گوتیشی: "وەزیری شارەوانی ڕای گەیاندووە كە كار لەسەر ئەو بابەتە دەكات و جێبەجێی دەكەین و ئومێدی زۆرم بە وەزیری شارەوانی هەیە بۆ دروستكردنی كەمپی زانكۆی سەلاحەدین، لەبەر ئەوی خودی وەزیری شارەوانی قوتابیی زانكۆی سەلاحەدین بووە، ئومێدەوارم هەوڵێكی جدی لە جێبەجێكردنی ئەم كارە بدات".
باسنيوز
