هانی وەبەرهێنەرانی بیانی دەدرێت لە هەرێمی کوردستان کاربکەن
یەکێک لە ئامانجە ئابوورییەکانی کابینەی نۆیەم، بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی بیانییە لە رێژەی 23% بۆ 40%.
سۆلین بابان، رێکخەری کۆنفرانسی ئابووری هەولێر گوتی: "ئەم کۆمپانیانەی هێناومانن تاوەکو زیاتر ئێمە بناسن و هەم لە کاروباری ئێمە تێبگەن، چونکە ئەم کۆمپانیانە کە هێناومانن لە بواری جیاوازدا کاردەکەن".
بەرپرسانی کۆمپانیای ساینۆڵ ستیلی چینی کە لەساڵی 1935 دامەزراوە و لە 43 لق و نوێنەرایەتی لە سەرتاسەری جیهان هەیە، هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان بە هەلزانیوە تا لقێکیشیان لێرە بکەنەوە.
های ویی، جێگیری کۆمپانییای ساینۆڵ ستیل گوتی: "لە بوارەکانی بەرهەمهێنانی ئاسن کاردەکەین، لە دیزاینکردن تاوەکو بەرهەمهێنان، لە بوارەکانی بیناسازی و رێگەوبانیش کاردەکەین، یاساکانی وەبەرهێنان لە کوردستان زۆر گونجاون و سوپاسی حکومەتی کوردستان دەکەین بۆ ئەم هەلانە کە پێیان بەخشیوین".
بۆ بەشێک لەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی ئاسایش قسەی یەکەم دەکات، هەرێمی کوردستان شیاوترین شوێنی عێراقە تا سەرمایەکانیانی تێدا بخەنەگەڕ.
جێکلین، بەڕێوەبەری کۆمپانییای بەرهەمهێنانی ئامێری گەورە لە چیین دەڵێت: "دەمانەوێت پەرە بە کارەکانمان بدەین لە عێراق بەتایبەت لە هەولێر و لە ناوچەکانی ئارامتر. لە بوارەکانی پاوەر پلانت و پرۆژەی گەورەتر."
لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو ئێستا وەبەرهێنا لە 868 پرۆژەدا کراوە کە 43 پرۆژە بە سەرمایەی بیانی و 29 پرۆژەش بە هاوبەشی کراون. نەمانی شەڕی داعش، تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و لێکنزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا هەلێکی نوێی بۆ وەبەرهێنەران رەخساندووە، بەشێوەیەک کە ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی 70%ـی پرۆژە راوەستاوەکان دەکەن.
