د. سیروان عارەب: ھەندێ لایەنی عێراقی مەلەفی نەوتی ھەرێم بۆ پڕۆپاگەندەی ھەڵبژاردن بەکار دێنن

د. سیروان عارەب: ھەندێ لایەنی عێراقی مەلەفی نەوتی ھەرێم بۆ پڕۆپاگەندەی ھەڵبژاردن بەکار دێنن
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی بۆ پرسی نەوتی ھەرێمی کوردستان پێک ھێناوە و پسپۆڕێکی کەرتی نەوتیش پێی وایە، بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان ئاستەنگی چارەسەرکردنی بابەتی ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانە و دەشڵێ، بەھۆی نزیکبوونەوە لە ھەڵبژاردن ھەندێ لایەنی عێراقی پرسی مووچە و نەوتی ھەرێم بۆ بانگەشە بەکار دێنن.

دکتۆر سیروان عارەب، پسپۆڕی کەرتی نەوت ڕاگەیاند: "کورد تەنیا کێشەی بودجە و مووچەی لەگەڵ بەغدا نییە، بەڵکۆ کێشەی گەورەتریش ھەیە، وەک سیادە و بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و ئەو ڕێککەوتننانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکانی جیھان کردوونی، ھەمووی ئەوانە کێشە و گرفتن لە نێوان ھەردوو حکوومەتدا، لەبەر ئەوەش، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بێتە ژێر ئەو بارەی کە کێشەکە تەنیا لەوەدا نییە ھەرێمی کوردستان نەوتەکەی ڕادەستی ئەوان بکات."

ئەو پسپۆڕەی کەرتی نەوت گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی گشتگیرەوە نەوت ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ بکات و بۆ ھەموو ئەوانەی باسم کرد لێکتێگەیشتن ھەیە."

دکتۆر سیروان عارەب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەم حکوومەتی ھەرێم و هەم حکوومەتی فیدراڵ نیەتێکی باشیان ھەیە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام بەھۆی نزیکبوونەوە لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان و کوتلەکانی نێو پەرلەمان مەلەفی نەوت و پرسی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان بۆ پڕۆپاگەندەی ھەڵبژاردنی داھاتوو بەکار دێنن تا لەو ڕێگەیەوە دەنگ بەدەست بێنن."

دکتۆر سیروان عارەب جەختی کردەوە، ھەوڵەکان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا سەرناگرێت و دەڵێت: "لە کۆتاییدا نیەتی ھەردوو حکوومەت گرینگە بۆ ڕێککەوتن و ھەوڵەکانی ھەندێ لایەنی عێراقی لە دژی پڕۆسەکە سەرناگرێت."
Top