سەرۆک بارزانی: گرنگە خەڵکی واپەروەردە بکرێن کە دین و نیشتمان لە یەکتر جیاناکرێتەوە

 سەرۆک بارزانی: گرنگە خەڵکی واپەروەردە بکرێن کە دین و نیشتمان لە یەکتر جیاناکرێتەوە


سەرۆک بارزانی رایدەگەیەنێت، گرنگە مامۆستایانی ئاینی خەڵکی وەها پەروەردە بکەن، کە دین و نیشتمان لەیەکتر جیاناکرێنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22-9-2019، سەرۆک مەسعود بارزانی بە مەبەستی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی، سەردانی بارەگای یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستانی کرد و وتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆک بارزانی بە زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستانی راگەیاند، کە “ئەوەی لە دەستمان بێ”، بۆ پاڵپشتیی و هاوکاریکردنی زانایان، “درێغی ناکەین”.

لە وتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە بەکارهێنانی دین لەلایەن تیرۆریستانەوە کرد و رایگەیاند، ”ئەوەی لەم دواییە بینیمان بەناوی دین کە کرا لە هەندێک شوێن، گەورەترین تاوانبوو کە بەرامبەر دین کرا، وەک ئەوەی تیرۆریستان لە کوشتن و سووتاندن کردیان، کەی ئیسلام ڕێگەی ئەو تاوانانەی داوە؟“.

یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان لە 21-9-1970 لە مزگەوتی گەورەی گەڵاڵە لە باڵەکایەتی، بە رێنوێنی و لەژێر رێنمایی جەنەڕال مستەفا بارزانی، رێبەری شۆڕشی ئەیلوول، دامەزرا.

دەقی وتارەکەی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

زۆر سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە

خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە لە خزمەت بەڕێزتان دام

پیرۆزباییتان لێ دەکەم بە بۆنەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەتان

لەبیرمە کە سەرۆک بارزانی چەند هەوڵی دا ئەم یەکێتییە دابمەزرێت

مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵی گەورەیان گێڕاوە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بەتایبەتی لە شۆڕشی ئەیلوول.

شەو و ڕۆژ مامۆستایان دەگەڕان و خەڵکیان هان دەدا بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە و شۆڕش. زۆر مامۆستا چەکیان هەڵگرت و لە بەرەکانی جەنگدا شەهید بوون.

هیوادارم مامۆستایان بۆ ئەو ڕۆڵە پیرۆزە بگەڕێنەوە.

رۆڵی ئێوە ئامۆژگاریی خەڵکە و ئەو بەلاڕێداچوونەی درووست بووە راستی بکەنەوە

دینی ئیسلام دینی برایەتی و تەباییە، ئەرکی ئێوەیە خەڵکی پەروەردە بکەن لەسەر پێکەوەژیان و ڕێز لە یەکتر گرتن و یەکتری قەبوڵکردن.

ئەوەی لەم دواییە بینیمان بەناوی دین کە کرا لە هەندێک شوێن، گەورەترین تاوانبوو کە بەرامبەر دین کرا، وەک ئەوەی تیرۆریستان لە کوشتن و سووتاندن کردیان، کەی ئیسلام ڕێگەی ئەو تاوانانەی داوە؟

ئێوە دەتوانن ڕۆڵێکی گەورەتر ببینن و دەبێ پشتیوانیشتان بکرێ و ئەوەی لەدەستمان بێت پشتیوانیتان دەکەین

گرنگە خەڵکی ئێمە واپەروەردە بکرێت کە دین و نیشتمان لە یەکتر جیانەکرێتەوە، ئەوەی دیندار بێت نیشتمانی خۆشدەوێ و ئەوەی نیشتمانی خۆشبوێ دیندار دەبێ.

دەبێ ئەو هاوکێشەیە ڕابگیرێت

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و پێتان دەڵێم، ئەوەی لەدەستمان بێت درێغی ناکەین.

زۆر سوپاس






باسنیوز
Top