ڕێبوار تاڵەبانی: پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بەردەوامە لە ھێنانی عەرەبی ھاوردە

ڕێبوار تاڵەبانی: پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بەردەوامە لە ھێنانی عەرەبی ھاوردە
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دانوستانەکانی ھەرێم و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک بەردەوامن. دەشڵێ، ئەوەی لە کەرکووک ڕوو دەدات پێچەوانەی دەستوورە و پارێزگاری سەپێندراو ناسنامە بە عەرەبی ھاوردە دەدات.

ڕێبوار تالەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕاگەیاند: "دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووکەوە بەردەوامن، بەڵام بە کردار ھێشتا ھیچ ھەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک نەنراوە، چونکە پرسی ئاساییکردنەوەی کەرکووک دەبێ لە چەند لایەنی سیاسی و ئەمنی و ئیدارییەوە جێبەجێ بکرێت."

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەشڵێت: "پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بەردەوامە لەسەر عەرەباندنی کەرکووک و بە پیلان کار بۆ گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک دەکرێت، لە زۆربەی ناوچەکانی عێراقەوە عەرەب ھاوردەی کەرکووک دەکرێت و ناسنامەشیان پێ دەدرێت."

ڕێبوار تالەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە کەرکووک دەکرێن پێچەوانەی دەستوور و ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقن. بۆ نموونە، ئێستا ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک زەوی بەسەر جووتیارانی عەرەبدا دابەش دەکات، لە کاتێکدا ئەو زەوییانە گرێبەستەکانیان بەپێی یاسا ھەڵوەشاوەتەوە، کەچی بەردەوام گرێبەست بۆ عەرەبی ھاوردە نوێ دەکرێنەوە، کەرکووک بە ڕەوشێکی نادەستووری و فەوازادا تێدەپەڕیت و ھەرچی ڕوو دەدات لە دەرەوەی یاساوەیە، بۆ ئەوەی خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک نەگەڕێنەوە."
Top