بروسکەیەک لە سەرۆک بارزانییەوە
ئەمڕۆ شەممە 21-9-2019، بارەگای بارزانی بروسکەیەکی سەرۆک مەسعود بارزانی بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا وێڕای پیرۆزبایی لە زانایانی ئیسلامیی کوردستان، رایگەیاندووە، دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی ”هەنگاوێكی كاریگەر بوو بۆ یەكخستن و پەرەپێدانی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی خەڵك و پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و خواناسی لە كوردستان“.
سەرۆک بارزانی پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی زانایانی ئیسلامی لە کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرگریکردن لە کوردستان نیشان داوە و رایگەیاندووە، ”پێزانینم هەیە بۆ هەڵوێست و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینیی بەڕێزی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی و گومڕایی و، هەروەها پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان“.
یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان لە 21-9-1970 بە رێنوێنی و لەژێر رێنمایی جەنەڕال مستەفا بارزانی، رێبەری شۆڕشی ئەیلوول، دامەزرا.
دەقی بروسکەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەبۆنەی چل و نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و مامۆستایان و هەموو گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەكەم.
دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر هەنگاوێكی كاریگەر بوو بۆ یەكخستن و پەرەپێدانی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی خەڵك و پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و خواناسی لە كوردستان. مامۆستایانی ئایینی لە هەموو قۆناغەكاندا ئەو ڕۆڵەیان زۆر بە شاییستەیی گێڕاوە و ئەرك و ماندووبوونیان جێگەی ڕێزی هەموو لایەكە.
پێزانینم هەیە بۆ هەڵوێست و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینیی بەڕێزی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی و گومڕایی و، هەروەها پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و دەستخۆشییان لێ دەكەم.
لەو بۆنەیەدا هیوای سەركەوتن بۆ هەموو مامۆستا و گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەخوازم و خودای مەزن پشت و پەنای هەموومان بێت.
مسعود بارزانی
21ـی 9ـی 2019
باسنيوز
