لیژنەکەی حکومەت بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای چاکسازی کۆدەبێتەوە
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان و ئەندامی لیژنەی پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ئەندامانی لیژنەکە پێداچوونەوەیان بە پرۆژەیاساکەدا کردووە و تێبینی و پێشنیازەکانی خۆیان نووسیوە و هەفتەی داهاتوو لیژنەکە کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەکرد، تێبینی و پێشنیازی هەموو ئەندامانی لیژنەکە کۆدەکرێتەوە و بەپێی گونجان لە پرۆژەکە جێگایان دەکرێتەوە، دوای تەواوبوونی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەین بۆ ئەوەی بینێرێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان.
ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوە کرد، پێشتر لە پرۆژەکە بەشێکی زۆری تێبینییەکانی ئێمە لەبەرچاوگیراون و هەوڵدەدین ژمارەیەکی دیکە تێبینی و پێشنیاز لە پرۆژە جێگا بکەینەوە.
لە کۆبوونەوەی ژمارە سێی ئەنجوومەنی وەزیران لە 30-7-2019 بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژە یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵەکان بە سەرۆکایەتی فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامەکانی پێکدێن لە:
وەزیری دارایی و ئابووری
وەزیری پلاندانان
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان
سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران
بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری
نوێنەری تۆماری بایۆمەتری موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان
رووداو
