گومان دەکرێ ئۆجەلانیش لایەنێکی گفتوگۆکانی تورکیا و ئەمریکا بێ لەبارەی ناوچەی ئارام
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی کۆمەڵەی پارێزەرانی سەردەم کە پارێزەری ئۆجەلانن، دوێنێ چوارشەممە ٧ی ٨ی ٢٠١٩، عەبدوڵا ئۆجەلان، دیداری لەگەڵ هەریەک لە (ئەورۆز ئویسال و ڕێزان ساریجا)ی پارێزەرانی سەر بە کۆمەڵەکە ئەنجام داوە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی تورکیا، هەر دوێنێ هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیای کرد.
هەر دوێنێ، ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەبارەی درووستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەوان بە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ناویان بردووە، راگەیاندرا.
چاودێران پێیانوایە کە پەیوەندی هەیە لە نێوان سەردانەکەی پارێزەرانی ئۆجەلان بۆ دورگەی ئیمرالی لەگەڵ سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ لای ئەردۆگان، پێشبینیی ئەوەش دەکەن کە ئۆجەلان لایەنێک بووبێت لە گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەبارەی ناوچەی ئارام، تاوەکوو شەڕ و ئاڵۆزیی چەکداری لە نێوان پەکەکە و گرووپەکانی سەر بە پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ هێزەکانی تورکیا ڕوو نەدات.
هێشتا نازاندرێت کە ئەگەر ئۆجەلان هەر داوایەک لە پەکەکە بکات، حزبەکەی ئامادەیە بچێتە ژێر باری داواکە یاخود نا، بەتایبەتیش پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩ی شارەداریی ئیستەنبۆڵدا، پەکەکە ئامادە نەبوو داواکاریی ئۆجەلان قەبوڵ بکات.
باسنيوز
