سلێمانی.. پۆلیس ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیردەکات
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی دوێنێ ٢٠١٩/٨/٦، هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد بەهۆی دزینی ئۆتۆمبێلەکەیەوە، لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکرد و تواندرا لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن و ئەمرۆش شوێنی ئۆتۆمبێلەکە دۆزرایەوە و دەستیبەسەرداگیرا".
گوتیشی: "لەکاتی پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکەدا دەستگیرا بەسەر چەند ناسنامەیەک و مۆڵەتێکی شۆفێریدا کە تۆمەتبار دزیبوونی و ئێستا خاوەنەکانیان سکاڵایان هەیە لەسەر تۆمەتبارەکە، هەروەها سویچێکی جۆکەر بەتۆمەتبار گیراوە کە لەکارەکانیدا بەکاریهێناوە".
ئاشکراشیکرد، ئێستا تۆمەتبار بەپێی ماددەی ٤٤٣ و بەبریاری دادوەر بەندە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاند: "تۆمەتبارێکی دیکە دەستگیرکراوە کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووە و بەپێی دانپێدانانەکانی ماددەی هۆشبەری بەکاریهێناوە لەجۆری کریستاڵ".
ڕوونیشیکردەوە، کە ٤٤ تۆمەتباری دیکە دەستگیرکراون بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دزیکردن لەماڵان و ئوتومبیل و دزینی پارە و موبایل، ساختەکردنی پارە، سەرانە وەرگرتن و ساختەکردنی پاسپۆرت.
سەرکەوت ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، کە دووان لەتۆمەتبارەکان کە دەستگیرکراون پێناسی باری شارستانیان ساختەکردووە و خۆیان کردووە بەکوڕ و باوک تا یەکێکیان گورچیلەی خۆی بفرۆشێت بەهاووڵاتییەک.
لەبارەی پلانی ئەمنی ڕۆژانی جەژنی قوربان، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: "پلانێکی ئەمنی توندوتۆڵ بۆ رۆژانی جەژن داڕێژراوە بەبەشداری سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانی و وەک تیم لەشوێنە گشتییەکان ئەرکی خۆیان دەبینن".
پۆلیسی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات لەکاتی بینینی هەر ڕووداوێکدا بەپەلە هێزەکانی پۆلیس ئاگاداربکەنەوە تا بەزوترین کات بەهانایانەوە بچن.
گوتیشی: "لەیەکەم ڕۆژی جەژندا ڕێگە بەسەردانیکردنی بەندکراوان نادرێت، ڕۆژی دوو شەممە کە دەکاتە دووەم ڕۆژی جەژن سەردانیکردن تایبەتە بەپیاوان و رۆژی سێشەممە، سێیەم ڕۆژی جەژن سەردانیکردن تایبەت دەبێت بەژنان".
bas news -
