ھێزێکی ئەمنی لەناو شاری سلێمانی بڵاو دەبنەوە

ھێزێکی ئەمنی لەناو شاری سلێمانی بڵاو دەبنەوە
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، پلانێکی تۆکمەمان بۆ ڕۆژانی جەژن داڕشتووە و ھێزێکی ئەمنی ژنانمان لەناو بازاڕەکانی شاری سلێمانی بڵاو کردوەتەوە.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری‌ ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ پارێزگای سلێمانی، ڕايگەیاند: "بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە ھێزەکانی پۆلیس پلانێكی‌ تۆكمەیان داڕشتووە و ئێستا بەشەو بەڕۆژ ھێزەکانمان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیدان".

گوتیشی: "ھێزێکی ژنان لەناو بازاڕەکاندا جێگیرکراون و چاودێری ووردی ئەو شوێنانە دەکەن، کە خانمان بە مەبەستی کڕینی پێداویستیەکانی ڕۆژانی جەژن سەردانی شوێنە گشتیەکان دەکەن".

ئاماژەی بەوەش دا ،پێویستە هاووڵاتییان بزانن یەكەم ڕۆژی‌ جەژنی قوربان هیچ سەردانییەک بۆ گرتوخانەکان نییە و دووەم ڕۆژ بۆ پیاوانە و سێیەم ڕۆژیش بۆ ژنان دەتوانن سەردانی گرتوخانەکان بکەن.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، ئەوەشی ئاشکراکرد، ھێزەکانی پۆلیس دوو كەسیان دەستگیركردووە، كە سێ‌ دۆسیەیان بۆ كراوەتەوە، یەكێكیان دوێنێ‌ پاسێكی‌ دزیوەو دوای‌ 24 كاتژمێر هێزەكانی‌ پۆلیس توانیان دەستگیری‌ بكەن و هەر ئەمڕۆش شوێنی‌ پاسەكەش ئاشكراكراوە و ئێستا لای‌ پۆلیسە، ھەروەھا تۆمەتبارێكی‌ دیكە كە بەكارهێنەری‌ مادەی‌ هۆشبەرە دەستگیركراوە كە مادەی‌ جۆری‌ كریستاڵی‌ بەكارهێناوە.










باسنيوز
Top