عەبدولمەهدی سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچەیەکی کوردستان دەکات

 عەبدولمەهدی سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچەیەکی کوردستان دەکات
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 5-8-2019، سوپا و میلیشیا عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان بەناوی (سەرکەوتن 3) بۆ گەڕان بە دوای بنکە نهێنییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دەست پێ کرد.

ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوچەکانی جەلەولا (گوڵاڵە) و میقدادیە لە پارێزگای دیالە و ناوچەکانی باشووری پارێزگای نەینەوا، دەستی پێ کردووە.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە یاوەریی فەریقی یەکەم عوسمان غانمی، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق و هەردوو وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ، بۆ سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، گەیشتووەتە پارێزگای دیالە.

هەرچەندە حکوومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2017 کۆتاییهاتنی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی راگەیاند، بەڵام چەکدارانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بەردەوام لەپارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین، ئەنبار و بەغدا کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.









باسنیوز
Top