هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەبێتە سیستەمی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوو
بەڕێوبەری فەرمانگەی کۆمسیۆنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند: "کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگای چەند لیـژنەیەکی کۆمسیۆنەوە لە پارێزگاکان سەرقاڵی ڕێکخستن و پێداچوونەوەی لیستی تۆماری گشتیی دەنگدەرانە، چەند کۆبوونەوەیەکمان ئەنجام داوە و بۆچوون و پێـشنیازی گرینگ خراونەتە ڕوو، کە لە قۆناغی داهاتوودا هەڵسانگاندن و خوێندنەوە بۆ پێشنیازەکان دەکەین."
دکتۆر ئارام برادۆستی ڕایشیگەیاند: "کۆمسیۆن وردبینی و لێکۆڵێنەوە بۆ چوار بژاردە دەکات، بۆ ئەوەی بگەن بە تۆمارێکی پاک و دروست و دوور لە هەموو جۆرە کێشە و گرفتێکی هونەری و مەیدانی، بژاردەکانیش بریتین لە پشتبەستن بە "کارتی نیشتمانیی عێراقی" سیستەمی بایۆمەتریی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، تۆماری گشتیی دەنگدەرانی عێراق، یاخود سەرلەنوێ دروستکردنی تۆمارێکی تری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەمەش پێویستی بە بودجەیەکی زۆر و لایەنی هونەری هەیە، ڕەنگە لە کاتی پێویستدا ئامادە نەبێـت."
دکتۆر ئارام برادۆستی گوتیشی: "بۆ هەر هەڵبژادنێک لە هەرێمی کوردستان، کۆمسیۆن پێوستی بە شەش مانگ ئامادەکاری هەیە، بۆ ئەوەی لە هەموو ڕوویەکەوە کۆمسیۆن بەباشی ئامادە بێـت."
بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی فەرمانگەی هەولێر ڕوونیشی کردەوە: "لە هەوڵداین بۆ ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەرێم ببێتە خاوەنی تۆمارێکی بێگرفت و جێگای ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و کۆی گشتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "پلانمان هەیە سیستەمی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو، بەڵکو زیاتریش بەرز بکەینەوە و سیستەمی ئەلیکترۆنی بەکار بێنین. پێشبینی دەکەین ساڵی 2026 هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کورستان بە سیستەمی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوو ئەنجام بدرێـت."
kdp -
