پەرلەمانی کوردستان ٣ی٨ی وەک ڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی ناساند

پەرلەمانی کوردستان ٣ی٨ی وەک ڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی ناساند
ئەمڕۆ شەممە ٣ی٨ی٢٠١٩، پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ پەسەندکردنی پێشنیازە بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی ئەنجامی دا، پێشنیازە بڕیارەکەی پەسەند کرد.

کەمێک لەمەوبەر و بە دەنگی ٨٧ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژە پێشنیازی ناساندنی ٣ی ٨ بە ڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، پەسەند کرا.

ئەم کۆبوونەوەیەی پەرلەمانی کوردستان کە سێیەم دانیشتنی تایبەت بەو پێشنیازە بڕیارە بوو، لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانەوە بڕگە و خاڵەکانی پرۆژەکە خوێندرانەوە و پاشان دەنگیان لەسەر درا.

لە کۆبوونەوەکەدا لە نێوان سێ پێشنیازدا سەردێڕی "بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی ٣ی ٨ ی ٢٠١٤ وەک ڕۆژی کۆمەڵکوژیی جینۆسایدی ئێزدییەکان" بە دەنگی ٦٥ پەرلەمانتار پەسەند کرا.

لە خاڵ و بڕگەکانی پێشنیازە بڕیارەکەدا بە وردی باس لە وردەکارییەکانی کراوە و هاوکات باسی قەرەبووکردنەوەی کوردانی ئێزدی و ئاوەدانکردنەوەی سنووری شنگال لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە کراوە.

لە ٣ی ٨ی ٢٠١٤، ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش) پەلاماری شاری شنگالی دا و هەزاران کوردی ئێزدی شەهید کرد و هەزاران کچ و ژن و منداڵی کوردی ئێزدی ڕفاند و چەندان تاوانی دڕندانەی دەرهەق بەو کوردانە ئەنجام دا.










باسنيوز
Top