سەڵاحەدین بەھائەدین: لە كۆتایی ئەمساڵ تا سەرەتایی ساڵی داھاتوو كۆنگرەی حزب دەبەستين
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا سەڵاحەدین بەھائەدین رایگەیاند: "ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی كۆنگرەی یەكگرتوو دەستیپێكردووە و لە كۆتایی ئەمساڵ تا سەرەتایی ساڵی داھاتوو یەكگرتوو كۆنگرە دەبەستێت".
سەبارەت بە خۆ كاندیدكردنەوەی لە كۆنگرەی داھاتوو، ئەمینداری یەكگرتوو گوتی: "ھێشتا زووە بۆ ئەو بڕیارە".
سەڵاحەدین بەھائەدین، لەبارەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا: "كابینەیەكی ھەڵبژێردراوە و شەرعیەتی پەرلەمانی ھەیە، ھیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین، دوعای خێر و پێشنیار و رەخنەی بنیاتنەرمان بۆ كابینەی نوێی حكوومەت دەبێت، ئەوەی دوعای خێری بۆ نەكات خراپ دەكات، چونكە میللەت زەرەر دەكات".
جەختی كردەوە: "وەك یەكگرتوو پێشتر پێشنیارمان بۆ حكوومەت ھەبووە، ئێستاش لەرێگەی كەناڵی جیاجیا قسەی خێریان بۆ دەكەین".
دەربارەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك سەڵاحەدین بەھائەدین گوتی: "ھێشتا زووە بۆ بڕیاردان، بەڵام بە بڕوای من پێویستە كورد بە یەك لیست بەشداری بكات و پەرتەوازەیی باش نییە".
K24
