وەزیری دارایی: كەرتی تایبەت داینەمۆی پێشكەوتنە ئابوورییەكانە لە دنیای نوێدا

	 وەزیری دارایی: كەرتی تایبەت داینەمۆی پێشكەوتنە ئابوورییەكانە لە دنیای نوێدا
وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاند: "كەرتی تایبەت، داینەمۆی پێشكەوتنە ئابوورییەكانە لە دنیای نوێدا، بە كاركردنی بەیەكەوەیی نێوان كەرتی گشتی و تایبەتیش، دەتواندرێ چارەسەری قەیرانە دارایی و ئابوورییەكان بكەین".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/8/2019، (ئاوات جەناب نووری)، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێم، پێشوازی كرد لە (د. دارا جەلیل خەیات) سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، كە بە مەبەستی پیرۆزبایی سەردانی وەزارەتیان كرد.

لە میانی سەردانەكەدا، وەزیری دارایی و ئابووری وێڕای بەخێرهاتن، سوپاسی شاندی میوانی كرد بۆ سەردانەكەیان و ڕاشیگەیاند: "كەرتی تایبەت داینەمۆی پێشكەوتنە ئابوورییەكانە لە دنیای نوێدا، بە كاركردنی بەیەكەوەیی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت، دەتواندرێ سەركەوتنە ئابوورییەكان بەدەست بهێنین و چارەسەری قەیرانە دارایی و ئابوورییەكان بكەین".

هاوكات شاندی میوان سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی وەزیری دارایی و ئابوورییان كرد و هیوای بەردەوامیی پەیوەندییەكانیان خواست.

لە كۆتاییدا وەزیری دارایی و ئابووری هەموو پشتیوانییەكی پیشان دا بۆ كەرتی تایبەت لە چوارچێوەی دەسەڵات و تواناكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری.


kdp -
Top