فراكسیۆنی پارتی له به‌غدا: له ئەنجومەنی نوێنه‌ران ده‌نگی كوردانی فه‌یلی ده‌بین
دوای ئه‌وه‌ی شاندێكی ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگیی باڵای كوردانی فه‌یلی له به‌غدا سه‌ردانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد، د. ڤیان سه‌برى، سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه وێنه‌یه‌كی دراوە ڕاگەیاند: "كوردانى فه‌یلى له‌سه‌ر ده‌ستی ڕژێمی دیكتاتۆردا یه‌كه‌م لایه‌ن بوون تووشی سته‌مێک بوون كه مێژووی سه‌رده‌م شتی وای به خۆیه‌وه نه‌بینیوە، وەک ڕاگواستنی زۆرەملێ و دوورخستنه‌وه‌ی گه‌نجانیان، بۆیه ده‌بێ مه‌له‌فی فه‌یلییه‌كان یه‌كلا بكرێته‌وه و مافه‌كانیان بۆ بگه‌ڕێندرێته‌وه، كه به‌شێكی ڕه‌سه‌نن له گه‌لی عێراق و پێویسته ڕۆڵی سروشتیی خۆیان بگێرن."
د. ڤیان ده‌شڵێت: "باسمان له یاسای هەڵبژاردنه‌كان كرد كه سته‌مكاره بۆ مافی كوردانی فه‌یلی، چ هه‌ڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، یاخود په‌رله‌مان، وه‌فده‌كه داوایان كرد كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه هه‌موار بكرێته‌وه، به‌تایبه‌ت یه‌ك بازنه‌یی و سیسته‌می كۆتا، زیادكردنی ژماره‌ی كورسی له به‌غدا بۆ دوو كورسی و دوو كورسیی تریش بۆ هه‌ریه‌ك له پارێزگای واست و دیاله كه بگونجێت له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی ژماره‌ی دانیشتووانی كوردانی فەیلی."
د. ڤیان گوتیشى: "داوا ده‌كه‌ین بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق 426ی ساڵی 2010 بخرێته‌وه كار كه تێیدا هاتووه ئه‌وه‌ی ده‌رحه‌ق به كوردانی فه‌یلی كراوه تاوانی كۆمەڵكوژی و جینوسایده، ئێمه‌ش وه‌كو فراكسیۆنی پارتی له ئەنجومەنی نوێنه‌رانی عێراق ده‌نگی كوردانی فه‌یلی ده‌بین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی مافه‌كانیان كه ئه‌ركه له‌سه‌ر ده‌سەڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن، چونكه به‌شێكی ڕه‌سه‌نن له گه‌لی عێراق و كوردی ڕه‌سه‌نن ."
سه‌رۆكی فراکسیۆنی پارتی له ئەنجومەنی نوێنه‌رانی عێراق زیاتر گوتی: "پێویسته كوردانی فه‌یلی ڕۆڵی خۆیان هه‌بێت له ئیداره و به‌ڕێوەبردنی ده‌وڵه‌ت و پله تایبه‌ته‌كان، ئه‌مه‌ش پرۆژه‌یه‌كه پارتی دیموكراتی كوردستان له‌خۆی گرتووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كوردانه‌ی لێهاتوو و خاوه‌ن ئه‌زموونن له به‌غدا له ته‌واوی بواره‌كاندا ڕۆڵی خۆیان هه‌بێت."
kdp -
