لەسەر بەرگریکردن لە کوردێک فەرمانی گواستنەوە بۆ بەرپرسێکی پۆلیسی کەرکووک دەرکرا

لەسەر بەرگریکردن لە کوردێک فەرمانی گواستنەوە بۆ بەرپرسێکی پۆلیسی کەرکووک دەرکرا
بەرپرسێکی پۆلیسی کەرکووک لەسەر بەرگریکردن لە فەرمانبەرێکی کورد کە لەلایەن بەڵێندەرێکەوە هێرشی کراوەتە سەر، لە پۆستەکەی گوازرایەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی لە کەرکووک ئاشکراى کرد، لە ماوەی ڕابردوودا بەڵێندەرێک کە بە ڕەگەز عەرەبە، هێرشی کردووەتە سەر فەرمانبەرێکی کورد لە پارێزگای کەرکووک.

بە گوتەی سەرچاوە، لەکاتی هێرشکردنەکەدا رائید مازن کە بەڕێوەبەری پۆلیسی دیوانی پارێزگای کەرکووکە و سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە، هاتووەتە وەڵام و بەرگریی لە فەرمانبەرە کوردەکە کردووە و بەڵێندەرەکەی سەرزەنشت کردووە.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە بەرامبەر بەرگریکردن لەو فەرمانبەرەی دەوڵەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی دیوانی پارێزگای کەرکووک سزا دراوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی ٨ی ٢٠١٩، فەرمانی گواستنەوەی بۆ دەرکراوە.

لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە کەرکووک لەلایەن هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی و بە هاوکاریی گرووپێکی خیانەتکار، داگیرکراوە و لەوساوە دەیان بەرپرسی کورد لە پۆستەکانیان لادراون و پرۆسەیەکی چڕی بەعەرەبکردنیش دەستی پێ کردووە.










باسنيوز
Top