دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران کراوە
پێویستە ئەمساڵ حکوومەتی عێراق بڕی ١٩٢ ملیار دینار بداتە جووتیارانی کوردستان، بۆ پێدانی ئەو پارەیەش، نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێم، ڕاگەیاند: "حکوومەتی عێراق بەشی یەکەمی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانی ناردووە و دەست بە دابەشکردنی کراوە، بڕی پارەکەش بریتییە لە ١٥ ملیار دیناری ئەمساڵی گەنمی جووتیاران، بڕیاریش وایە لە چەند حەفتەی داھاتوودا بەشەکانی دیکەی پارەکە ڕاوانە بکرێت، کە ئەویش بریتییە لە ٣٠ ملیار دینار و بۆ ھەر پارێزگایەکیش ١٠ ملیار دینار دابەش دەکرێت."
حکوومەتی عێراق بۆ کڕینی گەنمی جووتیارانی ئەمساڵ بڕیاری دا، ترلیۆنێک و ٥٢٠ ملیار دینار بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیاران خەرج بکات، کە لەو ڕێژەیەدا ١٩٢ ملیار دینار بەر ھەرێمی کوردستان کەوتووە، لە کۆی ٣٤٠ ھەزار تۆنیش زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران ڕادەست کراوە.
بۆ دابەشکردنی پارەکە لە ھەر پارێزگا و ناحیەیەک بانکێک تەرخان کراوە، کە بەم شێوەیەیە: لە ھەولێر بانکی حەمرین، لە دھۆک بانکەکانی گارە و شێخان، لە زاخۆ بانکی خاپوور، لە سلێمانی بانکی بابان و، بانکەکانی ڕانیە و سەیدسادق و کەلار و چەمچەماڵیش پارەیان لێوە دابەش دەکرێت.
kdp -
