ڕێوڕەسمی یادی جینۆسایدی بارزانییەكان بەڕێوە چوو

ڕێوڕەسمی یادی جینۆسایدی بارزانییەكان بەڕێوە چوو
ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەرێم و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی و كەسوكاری ئەنفالكراوان ڕێوڕەسمی 36 ساڵه‌ی یادی كۆمه‌ڵكوژیی بارزانییه‌كان به‌رێوه ‌چوو.

بە ئامادەبوونی هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، كونسووڵ و نوێنەری حزب و لایەنەكان و فەرماندەكانی پێشمەرگە و كەسوكاری ئەنفالكراوان لەسەر گوڕستانی بارزانییە جینۆسایدكراوەكان ڕێوڕەسمی 36 ساڵەی ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانی بەڕێوە چوو.

36 ساڵ بەسەر ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانیدا تێ دەپەڕێت، لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا لە 31/7/1983 ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بە پیلانێكی نەخشە بۆكێشراو بە نهێنی گەمارۆی ئەو كۆمەڵگە زۆرەملێیانەی دا كە بارزانییەكانی لێ نیشتەجێ بوون و بە دوو قۆناغ و لە كۆمەڵگەكانی قوشتەپە، بەحركە، هەریر و دیانا 8 هەزار بارزانیی دەستگیر كران و ڕاگوێزران بۆ خوارووی عێراق و زیندەبەچاڵ كران، تا ئێستا بە دوو قۆناغ 596 ڕووفات هێنراونەتەوە بارزان و زیاتر لە 7 هەزار و 400 ڕووفاتی دیكەش ماون بهێنرێنەوە بارزان.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەكەدا، پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی لە وتەیەكدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانەكان و بەشداربووانی مەراسیمەكە، باسی لە نەهامەتی و ئەو ستەمە كرد، كە ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە هاووڵاتیانی كورد بەگشتی و بارزانییەكان بەتایبەتی کردوویەتی.

هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، تاجەگوڵینەیان لەسەر گڵكۆی قوربانیانی جینۆسایدی بارزان دانا.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، نوێنەری وڵاتانی بیانی و نوێنەری حزب و لایەنەكان و فەرماندە باڵاكانی پێشمەرگە و كەسوكاری ئەنفالكراوانیش تاجەگوڵینەیان لەسەر گڵكۆی قوربانیانی جینۆسایدی بارزان دانا.

دواتر عه‌بدوڵڵای حاجی مه‌حموود، وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد و ڕایگەیاند، زۆرترین تاوانی جینوساید ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی كورد كراوه و بارزانییه‌كانیش به‌هۆی كوردبوونیان ئه‌نفال كران.



kdp -
Top