مستەفا چاوڕەش: من بووم بە فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە

مستەفا چاوڕەش: من بووم بە فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد کە پۆستی فەرماندەی یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی پێ دراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی ٧ی ٢٠١٩، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاند: "لە ٢٧ی ٧ی ٢٠١٩ فەرمانەکە دەرچووە و من بووم بە فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە".

هاوکات ئەوەی خستە ڕوو کە تا ئەوکاتەی فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەردەچێت و شێخ جەعفەر مستەفا وەک جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەست بەکار دەبێت، ”من دەست بەکار نابم، بەڵام دوای ئەو، دەست بەکار دەبم“.

هۆکاری دواکەوتنی فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هێشتا گۆران لە نێوان دوو کاندیدەکەی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم، ”خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە".

هەرچەندە مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، پێداگریی زۆر دەکات لەسەر ئەوەی کە پۆستی فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی لەلایەن یەکێتییەوە پێ بدرێت، بەڵام زۆرینەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پشتیوانی لە مستەفا چاوڕەش دەکەن و ئەو پۆستە بە شیاوی ئەو دەزانن.











باسنيوز
Top