مەسرور بارزانی: ئاسانکاریی پێشکەشی وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەین
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی پێشکەشی وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە 31-7-2019، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ماسیج لانگ، جێگری وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا و شاندێکی یاوەری، کردووە.
ماسیج لانگ لە کۆبوونەوەکەدا، خۆشحاڵیی خۆی بە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان نیشان داوە و رایگەیاندووە، ”بەمزووانە شاندێکی بازرگانی پۆلەندی سەردانی هەولێر دەکات“.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، لە هەرێمی کوردستان ” دەرفەتێکی باش هەیە بۆ وەبەرهێنانی بیانی و بۆ ئەم مەبەستەش ئاسانکاریی پێویست پێشکەش دەکرێت“.
دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرای هەرێمی کوردستان:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی پۆلەندا دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 31 ی تەمووزی 2019 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماسیج لانگ جێگری وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا و شاندێکی هاوڕیێ کرد.
جێگری وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا خۆشحاڵی خۆی بە ئارامی وئاسایشی هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند ئەم سەقامگیرییە دەرفەتێکی باشە بۆ وەبەرهێنەرانی پۆڵەندا بۆ ئەوەی سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان بکەن و ئاماژەی بەوەشدا کە بە مزووانە شاندێکی بازرگانی پۆلەندی سەردانی هەولێر دەکات.
جێگری وەزیری دەرەوە پۆڵەندا هەروەها سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد کەسەڕەڕای سەختی و نالەباری دۆخی ئابووری کەچی باوەشی بۆ ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان کردەوە و یارمەتی وهاوکاری پێویستی پێشکەش کردوون.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی شاندی میوانی کرد و گوتی دەرفەتێکی باش لە هەرێمی کوردستان هەیە بۆ وەبەرهێنانی بیانی و بۆ ئەم مەبەستەش ئاسانکاریی پێویست پێشکەش دەکرێت.
