ئەمریکا داوای بەشداریکردنی ئەڵمانیا لە پاراستنی کەشتیوانی لە کەنداوی عەرەبی دەکات
ئەمریکا داوا لە ئەڵمانیا دەکات بەشداریی بکا لە پاراستنی رێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، لە کەنداوی عەرەبی.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بە فەرمی ئەو داواکارییەی ئاراستەی حکوومەتی ئەڵمانیا کردووە.
هەروەک باڵیۆزخانەکە رایگەیاندووە، ئەمریکا داوای کردووە ئەڵمانیاش بچێتە پاڵ فەرەنسا و بەریتانیا بۆ پاراستنی رێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
ئەو داوایەی ئەمریکا دوای ئاڵۆزتربوونی رەوشی کەنداوی عەرەبی دێت، کە بەهۆی دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، دروست بووە.
پێشتریش ئەمریکا داوای لە ئەڵمانیا کرد هێزێک بنێرێتە رۆژئاوای کوردستان بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، بەڵام ئەڵمانیا ئەو داوایەی رەت کردەوە.
باسنیوز
