لیوا عەبدولخالق: باری ئەمنیی هەولێر دەخرێتە ژێر چاودێریی وردەوە

	 لیوا عەبدولخالق: باری ئەمنیی هەولێر دەخرێتە ژێر چاودێریی وردەوە
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند، پڕۆسەی دانانی 5 هەزار كامێرای چاودێری لە شوێنە گشتییەكان، كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە و لە رێگەی سەنتەری كۆنتڕۆڵەوە باری ئەمنیی هەولێر دەخرێتە ژێر چاودێریی وردەوە.

لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، ڕاگەیاند: "پێش ساڵی 2014 بڕیار درابوو كە پێنج ھەزار كامێرای چاودێری لە شوێنە گشتییەكان دابنرێن، بەڵام شەڕی داعش و قەیرانی دارایی پرۆسەكەیان دواخست، ئێستاش بودجە تەرخان كراوە و دەست بە جێبەجێكردنی كراوە و لە ھەموو شوێنە گشتییەكان كامێرای چاودێری دادەنرێت، ئەمەش ھەنگاوێكی زۆر باشە بۆ كەمكردنەوەی تاوان و ھەر تاوانێكیش ئەنجام بدرێت، لە رێگەی ئەو كامێرایانەوە بە زوویی ئاشكرا دەبێت".

بە گوتەی لیوا عەبدولخالق، سەنتەرێكی كۆنتڕۆڵی تایبەت بە چاودێریكردنی ئەو كامێرانە دانراوە، كە لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆوە بەڕێوە دەبرێت و لە ھەر شوێنێك تاوانێك ئەنجام بدرێت، بە كەمترین ماوە لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار دەكەنەوە، بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن و رێگری لە تاوانەكە بكەن، كە ئەمەش بۆ پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان ھاوكارێكی زۆر باش دەبێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر روونیشی كردەوە، سەرەتا پڕۆسەكە ناو شاری هەولێر و هەموو شوێنە گشتی و گرنگەكان دەگرێتەوە و دەشڵێ: "لە ئەولەویەتی كابینەی نۆیەم و وەزارەتی ناوخۆدایە، كە بە زوویی سەرجەم قۆناغەكانی دانانی ئەو پێنج هەزار كامێرایە تەواو بكرێن".

تەڵعەت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، دانانی ئەو كامێرایانە هاوكارێكی باشە بۆ هێزە تەناهییەكان، چونكە وەك خۆی گوتی: "زۆربەی تاوانەكان لە رێگەی كامێرای شوێنە گشتییەكانەوە ئاشكرا كراون، ئەو كاتەی كە تاوانێك لە شوێنێك ئەنجام دەدرێت، راستەوخۆ سوودمان لە كامێرای ئەو شوێنانە وەرگرتووە، كە ئەمەش ئەركی هێزە ئەمنییەكانی بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران ئاسانتر و خێراتر كردووە".



kdp -
Top