ئەفسەرێکی عەرەب لەسەر گۆڕێکی ئەنفالکراوان رەفتارێکی بەعسیانە دەنوێنێت
گرتەیەکی ڤیدیۆیی کاتی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانی کورد لە شاری سەماوە لە باشووری عێراق، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە.
وەک لە گرتەکەدا دەبینرێت، ئەفسەرێکی عەرەبی سوپای عێراق بە پلەی ملازمی یەکەم، رێگریی لە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەکاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە، دەکات و دەڵێت، ”ئاڵای کوردی نابێ بەرز بکرێتەوە“.
چاودێران پێیان وایە کێشەی کورد لە عێراق بریتییە لە کێشەی گەلێکی ستەملێکراو لەلایەن بیری شۆڤینیی عەرەبەوە، کە هیچ مافێک بە گەلی کورد رەوا نابینێت.
هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن، کە کورد لە عێراق نەخوازراوە و عێراقییەکان بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی گەلی کوردستان دەکەن و ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو نەوتی خۆیشی رادەستی عێراق بکات، ئەوا عێراقییەکان رازی نابن و ”تووشی گێژاوێکی دیکەمان دەکەن“.
حزبی بەعس، کە لە ساڵی 1968ـەوە تا 2003 حوکمی عێراقی کرد، گەلی کوردستانی لە هەموو مافە نەتەوەیی و مرۆڤایەتییەکانی بێ بەش کرد و دەیان تاوانی گەورەی دژی گەلی کوردستان ئەنجام دا، کە دیارترینیان بریتی بوون لە؛
- ئەنفالکردنی 182 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی.
- ئەنفالکردنی زیاتر لە هەشت هەزار گەنج و پیاوی بارزانی.
- کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، بالیسان، شێخوەسانان، گەرمیان و بادینان.
- سووتاندن و وێرانکردنی زیاتر لە چوار هەزار گوندی کوردستان.
باسنيوز
