بڕیارە لە رێگەی کۆمپانیایەک بە قیستی درێژخایەن، ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان بدرێت
عهبدولواحید محهمهد، جێگری سهرۆکی یهکێتیی مامۆستایانی کوردستان راگەیاند: «لەگەڵ کۆمپانیای جیهان مۆتۆرز لە گفتوگۆداین، تا ئۆتۆمبێل بە قیست بدرێتە مامۆستایان، ئێستا چاوەڕوانی ئەوانین جۆری ئۆتۆمبێلەکان و نرخەکانیان و قیستەکانیان پێمان بدەن، ئەوان پڕۆژەکەیان ئامادە کردووە، بەڵام دواکەوتوون».
روونیشی کردەوە، ئەو پڕۆژەیە پەیوەندیی بە حکوومەتەوە نییە، بەڵکوو راستەوخۆ پەیوەندیی بە یەکێتیی مامۆستایانەوە هەیە، گوتیشی: «کۆمپانیای جیهان داوایان کردووە، ئەو مامۆستایانەی ئۆتۆمبێلەکانیان پێ دەدرێت، حیساب بانکییان لای ئەوان هەبێت، واتا مووچەکانیان لە بانکەکانی ئەواندا بێت، ئەو پرسەش پەیوەندیی بە دارایی و پەروەردەوە هەیە، بۆیە نەگەیشتووینەتە چارەسەر».
کۆمپانیای جیهان قیستی 3 ساڵی هەیە، کە قیستی مانگانەی لەنێوان 300 دۆلار بۆ 525 دۆلارە بە پێشەکی 6 بۆ 10 هەزار دۆلار.
ئاشکراشی کرد، ئەوان داوایان کردووە، زیادە نەخرێتە سەر قیستەکان و قیستەکانیش درێژخایەن بن، ئێستاش چاوەڕوانی پێدانی وردەکاریی کۆمپانیان، گوتیشی: «لەم هەفتەیەوە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیا دەست پێ دەکەینەوە تا بگەینە رێککەوتنی هاوبەش».
بەپێی زانیارییەکان، کۆمپانیا باسی ئەوەیان کردووە، بە قیستی 36 مانگ ئۆتۆمبێلەکان بدرێن، بەڵام یەکێتیی مامۆستایان داوای قیستی 40 مانگیان کردووە، داواش کراوە قیستەکان بەپێی شەریعەتی ئیسلامی بدرێن.
ئەوەی کە هەردوولا لەسەری کۆکن، قیستی مانگانە لەگەڵ پێدانی مووچەدا بێت، هەروەها لەجیاتی رەهنی خانوو و مووڵک، مامۆستا تەنیا کەفیلێکی مووچەخۆری پێویست بێت.
عەبدولواحید محەمەد گوتیشی: «بەهۆی کێشەی مووچە له ماوهی رابردوودا، کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمبێل، به جۆرێکی ههستیارانه مامهڵهیان لهگهڵ دۆسێی پێدانی ئۆتۆمبێل به قیست دهکرد، بە لای ئێمەوە گرنگترین بابەت ئەوەیە، کارئاسانیی بۆ مامۆستایان بکرێت و نرخێکی گونجاو بێت و زیادە نەخرێتە سەر نرخەکان».
120 هەزار مامۆستا هەیە وانە دەڵێنەوە، زیاتر لە 75 هەزاریان ئەندامی یەکێتیی مامۆستایانن.
بەپێی زانیارییەکان ئۆتۆمبێلەکان تۆیۆتان و لە پێنج جۆر پێک دێن، کە بە شێوەی قیست دەدرێنە مامۆستایان.
مەریوان بەگۆ، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، بابەتی ئۆتۆمبێلی قیست بۆ مامۆستایان پەیوەندیی بە حکوومەتەوە نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکە لەنێوان کەرتی تایبەت و یەکێتیی مامۆستایان.
باسنیوز
