وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی كار بۆ دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی مووچەی چاودێریی خێزان دەكات
فوئاد سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕاگەیاند: "هەفتەی داهاتوو نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و دابینكردنی بڕی بودجەی پێویست بۆ سوودمەندانی مووچەی چاودێریی خێزان".
سدیق گوتیشی: "بڕیارە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دوای پێداچوونەوە، رێنمایی نوێ لەبارەی مووچەی تۆڕی چاودێریی خێزان دەربكات و لەمەودوا بەپێی رێنمایی نوێ ھاووڵاتیان دەتوانن سوودمەند بن لە وەرگرتنی مووچەی تۆڕی چاودێریی خێزان".
ئاماژەی بەوەش دا:" لە سەردەمی كابینەی پێشووی حكوومەتدا هەوڵی چاكسازی دراوە، بەڵام ئێمە جارێكی دیكە بە میكانیزمێكی نوێ ئەو ناوانە دەردەهێنین كە مووچەكە نایانگرێتەوە".
ئەو هەروەها دەشڵێت: "كەسانێك ناونووس كراون، كە تەنانەت لە كوردستانیش ناژین و لە دەرەوەی وڵاتن، یاخود كەسانێك هەن كە بژێویی ژیانیان باشە، بۆیە هەموو ئەو كەسانە ناویان دەسڕدرێتەوە و مووچە بە كەسانی شیاو دەدرێت".
ناوبراو روونیشی كردەوە: "بەپێی رێنماییەكانی پێشوو، زیاتر مووچەكە بۆ ئەو ژنانە بوو كە بێ ھاوسەرن و هەروەها بۆ خوێندكارانی خێزاندار و ئەوانە بوو كە ھیچ مووچە و داھاتیان نییە و بەردەوامن لە پڕۆسەی خوێندن".
kdp -
