ڤیان سەبری: مەسروور بارزانی توانی گرێكوێرەكان بكاتەوە

	 ڤیان سەبری: مەسروور بارزانی توانی گرێكوێرەكان بكاتەوە
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەردوو حكوومەتی عێراق و كوردستان بەردەوام دەبن لە چارەسەركرنی كێشەكان. دەشڵێت، هەر ئەندامێكی شاندی عێراق،‌ لەگەڵ شاندی پەیوەندار بە بابەتی دیاریكراو لەگەڵ وەزیری هەرێم كۆدەبێتەوە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 25/7/2019، لیژنەی باڵای هاوبەشی حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تایبەت بە چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكوومەتی عێراق بۆ كاروباری وزە، كۆبوونەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەپێی دەستوور.

لەمبارەیەوە د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند، ئەو سەردانەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت بۆ بەغدا لەگەڵ شاندی یاوەری، توانی گرێكوێرەكان بكاتەوە، چونكە بەڕێزیان باسی ئەو كێشانەی كردووە لەگەڵ حكوومەتی عێراق و لە یەكەمین كۆبوونەوەشی ئەوەی راگەیاندووە لە هەوڵی بەهێزكردنی حكوومەتدایە، بە تایبەت چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە پێی دەستوور.

سەبری ڕاشیگەیاند، كۆبوونەوەكان‌ لەسەر كێشەكانی دارایی و ئەمنییە، بابەتی دارایی هەموو ئەو كێشانە دەگرێتەوە كە پەیوەستن بە داراییەوە، ئەوەی پەیوەستە بە ئەمنییەوە، هەموو ئەو بابەتانە دەگرێتەوە كە پەیوەستن بە ئەمنیەتی عێراقەوە، هەتا بە دۆخی كەركووكیشەوە، لەو شاندەشدا بە روونی دیارە كە حكوومەتی عێراق لە هەوڵی چارەسەری كێشەكاندایە.

ناوبراو روونیشی كردەوە، هەر ئەندامێكی شاندەكە لەگەڵ شاندی پەیوەست بە بابەتی دیاریكراو لەگەڵ وەزیری هەرێم كۆدەبێتەوە،‌ واتا وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق كۆدەبێتەوە، هەروەها شاندی نێوان هەردوو حكوومەت، بە بەردەوامی سەردانی هەولێر و بەغدا دەكەن تاوەكو چارەسەری كۆتایی كێشەكان بكەن.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێیشی وایە، ئەو كێشانە بە شەو و رۆژێك نایەنە چارەسەركردن، هەردوولاش حەز بە چارەكردنی كێشەكانیان دەكەن، ئەو كێشانەش بە كۆبوونەوە و دانیشتن دێنە چارەسەركردن، چونكە عادل عەبدولمەهدی حەز بە چارەكردنی كێشەكان دەكات.

kdp -
Top