وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکاریی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 5ی 2019 دەکات.
ڕوونیشی کردوەوە، لەلایەن گەنجینەکانەوە ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 5 بکرێت و پێش جەژنی قوربانیش مووچەی چەند شوێنێک دابەش دەکرێت.
ئەوەشی خستە ڕوو، دابەشکردنی مووچە لە 5ی مانگەوە دەست پێ دەکات و خشتەی دابەشکردنەکەش هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو بە وەزارەتی پێشمەرگە دەست پێ دەکات و دواتر مووچەی هەریەک لە وەزارەتەکانی پەروەردە، دارایی و تەندروستی دابەش دەکرێت.
مانگانە وەزارەتی دارایی لە 5ی مانگەوە تاکو 23ی مانگ مووچەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان دابەش دەکات، بەڵام دابەشکردنی مووچەی مانگی 4ی 2019 زیاتر لەو وادەیە درێژەی کێشا، بەهۆی درەنگ گەیشتینی بڕی پارەی مووچەی فەرمانبەر و موچەخۆران لەلایەن بەغداوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران پشت بە داهاتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بڕی ئەو پارەیەی کە لەلایەن بەغداوە ڕەوانە دەکرێت دەبەستێت.
باسنیوز
