نەتەوە یەکگرتووەکان: پەکەکە منداڵان چەکدار دەکات

 نەتەوە یەکگرتووەکان: پەکەکە منداڵان چەکدار دەکات


رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، حزب و گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە چەکدارکردنی منداڵان، تۆمەتبار دەکات.

لە راپۆرتێکدا، کە رۆژی شەممە 27-7-2019 ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان رادەستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، هاتووە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) 38 قوتابخانە و بنکەی تەندروستی لە رۆژئاوای کوردستان وەک بنکەی چەکداری و کۆگای چەک بەکار دەهێنێت.

هەروەک لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، یەپەگەی باڵی سەربازیی پەکەکە و هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، کە یەپەگە پێکهێنەری سەرەکییەتی، لە ساڵی 2018، 313 منداڵی خوار تەمەن 15 ساڵییان چەکدار کردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەوە ئاگادار کردووەتەوە، کە لەو ساڵەدا لە تەواوی سووریا، گرووپ و میلیشیا چەکدرییەکان لە سووریا (بە یەپەگە و هەسەدەشەوە)، 806 منداڵیان چەکدار کردووە.

بەپێی یاسای نێودەوڵەتییەکان، نابێ گرووپ و لایەنە شەڕکەرەکان منداڵان (لە خوار تەمەنی18 ساڵی) چەکدار بکەن و بۆ ئامانجەکانی خۆیان بەکاریان بهێنن.




باسنيوز
Top