شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: به‌رده‌وامبوونی ته‌عریب له کەرکووک گرفتێكی گه‌وره دەخاتە نێوان پێكهاته‌كانەوە
ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی کەرکووک، شاخه‌وان عەبدوڵڵا، گوتی: "پێویسته پرۆسه‌ی ته‌عریب ڕابگیرێت و حكوومه‌تی عێراق ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه هه‌ڵبگرێت و له به‌غداش قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه كردووه، ئه‌گه‌ر ته‌عریب ڕانه‌گیرێت گرفتی گه‌وره دەکەوێتە نێوان پێكهاته‌كانەوە و پێش ئه‌وه‌ی زیان به‌كورد بگات زیان به عه‌ره‌بی ڕەسەن ده‌گات، بۆیه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین ته‌عریب ڕابگیرێت."
شاخه‌وان عەبدوڵڵا گوتیشی: "هه‌ندێك له هێزەکانی عێراق له به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی پارەدا عه‌ره‌ب هاورده ده‌كه‌ن و هاوكارییان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا عه‌ره‌ب ناتوانێ بچێته سنووری کەرکووک بۆ ته‌عریبكردن."
عەبدوڵڵا باسی له‌وه‌ش كرد: "ئه‌و لیژنانه‌ی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی کەرکووک پێک هاتوون، پێویسته ئیدی گفتوگۆكان ته‌واو بکەن و دەست بە هه‌نگاوی كرداری بکەن، بۆ ئه‌وه‌ی چیی تر له‌و ناوچانه ته‌عریب نەکرێت."
شاخه‌وان عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئه‌و كرده‌وانه‌ی له سنووری کەرکووک ڕوو ده‌ده‌ن ته‌نیا کاری داعش نین و هه‌ندێك هێزی میلیشیا پشتگیری‌یان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه كاكه‌یییه‌كان و گونده‌كانی داوده و تاڵه‌بانیی سنووری داقووق چۆڵ بكرێن و كورد له‌و ناوچانه نه‌مینێت و به به‌رنامه ئه‌و كاره ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌عریب له‌و ناوچانه‌ش بکرێت."
kdp -
