پرۆسەی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئه‌نفال له سه‌ماوه راوه‌ستا
فواد عوسمان، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان: ڕايگەیاند: "له‌سه‌ر داوای تەیموور" تاقانه‌ی ئه‌نفال پرۆسەی هه‌ڵدانه‌وه‌ی رووفاتی ئه‌نفال له بیابانی سه‌ماوه ڕاوه‌ستاوه و ئێستاش تیمی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و تاقانه‌ی ئه‌نفال و پارێزگاری سه‌ماوه بۆ ئەم پرسە له گفتووگۆ دان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه".
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: "تاقانه ئەنفال( ته‌یموور) پێش ئه‌وه‌ی رووفاته‌كه هه‌ڵبدرێته‌وه، چه‌ند داواكارییه‌كی هه‌بووه".
هەفتەی ڕابردوو یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە بیابانی سەرماوە لە پارێزگای موسەنای باشووری عێراق هەڵدرایەوە و دەرکەوت نزیکەی 80 ژن و منداڵی کوردی دەڤەری گەرمیانی تێدایە کە ساڵی 1988 لەلایەن حکوومەتی ڕووخاوی بەعسەوە ئەنفال و کۆمەڵکوژ کراون و ئێستاش چەند گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ ماوە هەڵبدرێنەوە.
هاوکات لەمبارەوە جەبار عومەر، بەرپرسی لێژنەی باڵای گۆڕە بەكۆمەڵەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەڕێوەبەری كاروباری شەهید و ئەنفالكراوانی گەرمیان ڕايگەیاند: "ئەو گۆڕە بەكۆمەڵەی ژن و منداڵی تێدا دۆزراوەتەوە، گومان دەكرێت چینێك لە ژێرەوەی ئەوەش هەبێت و تەرمی تێدا بێت".
سەبارەت بەچۆنییەتی هێنانەوە و ناشتنی تەرمەكان لە هەرێمی كوردستان، جەبار عومەر ئاماژەی بەوە كرد: "تەرمەكان دەبرێنە پزیشكی دادوەری بەغدا و لەوێ پشكنینی DNAیان بۆ دەكرێت، دواتر كە ڕوون بووەوە و بۆمان دەركەوت چۆنە، لەلایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەنەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت".
ئەوەشی ئاشكرا كرد: "ئەگەر هیچ كێشە و گرفتێك نەیەتە پێشەوە، لەوانەیە دوای جەژنی قوربان دەست بە هەڵدانەوەی سێ گۆڕە بەكۆمەڵەكەی دیكە لە سەماوە بكرێت".
باسنيوز
