بەرپرسێکی کۆمەڵ: ھەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت کورد ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبێتەوە
محەمەد جەلیل، بەرپرسی ھەڵبژاردنی مەڵبەندی چواری کۆمەڵی ئیسلامی لە کەرکووک ڕايگەیاند، ھەڵبژاردن تاکە ڕێگای دیموکراسی و ئاشتیخوازانەیە بۆ گۆڕانکاری لە وڵاتکەماندا، تاکە ڕێگەیەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجی ڕاستەقینەی ھەڵبژێردراوی خەڵک و ھێنانە پێشەوەی گەنجی تازە بۆ خزمەتکردنی ھاونیشتمانییان، بۆیە ”ئێمە ھەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووین ھەموو ھەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، بێگومان کەرکووک زیاتر لە ١٥ ساڵە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تێدا نەکراوە و چەندین نەوە بێبەش بوون لە ھەڵبژاردن کە مافی دەنگدانیان ھەبووە، بەڵام دەنگیان نەداوە، بۆیە پێمان وایە ئەوە لایەنە ئەرێنییەکەیەتی بۆ ئەوەی ھەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت“.
ڕوونیشی کردەوە، لایەنی نەرێنیی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک ئەوەیە کە کۆمەڵێک بەند و ماددە ھەیە لە پڕۆژە یاساکەدا، ”پێمان وایە ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت، کۆمەڵێک سەرئێشە لە کەرکووک بەدوای خۆیدا دەھێنێت، ئەگەری ئەوەش ھەیە ھەڵبژاردنەکە زەرەر و زیان بە کورد بگەیەنێت، بەڵام ئەگەر کورد بە یەکڕیزی و یەک دەستی بتوانێت بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو دۆخە بێتە پێشەوە، پێمان وایە زەرەر و زیانەکانی کەمتر دەبنەوە و دەتوانین بە یەکڕیزی خۆمان ھەڵوێست وەربگرین لەبەرامبەر ھەموو ئەو یاسایانەی کە پێمان وایە لە ئێستادا زیانی گەورەی بۆ کورد دەبێت“.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ھەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت، گەورەترین زیان ئەوەیە کە ئێستا بارودۆخی سیاسی و ئیداری و عەسکەری بەدەستی کوردەوە نییە، لەیاساکەشدا داواکراوە کە تۆماری دەنگدان نوێ بکرێتەوە، بێگومان ئەگەر تۆماری بایۆمەتری بکرێتەوە، بەدڵی کورد نابێت، چونکە ھەندێک شار و شارۆچکە ھەیە، بێبەش دەبن لە تۆماری بایۆمەتری، بۆیە ”ئەوە یەکێکە لەو مەترسییانە، ھەروەھا مەترسییەکی دیکە ئەوەیە کە کوردەکان ناتوانن دەنگ بدەن، لەکاتێکدا عەرەبی ھاوردە کە خەڵکی کەرکووک نین، ئەوان دەتوانن دەنگ بدەن“.
محەمەد جەلیل، جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر ھەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت، بە دڵنیاییەوە زەرەر و زیانی گەورە بەر کورد دەکەوێت، بەڵام ئەگەر دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، ھەڵبژاردن بەم مەترسییانەوەشەوە ھەر بە قازانجی کورد دەبێت و کورد دەتوانێت ھەڵبژاردنەکە بباتەوە.
باسنيوز
