قایمقامیەتى هه‌ولێر: لە کڕینی ئەو کاڵایانە خۆتان بەدوور بگرن

قایمقامیەتى هه‌ولێر: لە کڕینی ئەو کاڵایانە خۆتان بەدوور بگرن
قایمقامیەتى قەزاى ناوەندیى هه‌ولێر له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا هاووڵاتییان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ى، له‌ كڕینى چه‌ند كاڵایه‌ك، خۆیان به‌دوور بگرن.

شه‌وى ڕابردوو 26/7/2019، قایمقامیەتى قەزاى ناوەندیى هه‌ولێر ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "وەک تێبینی دەکرێت لەزۆربەی کۆگا، سوپه‌رمارکێت، گۆشتفرۆش و خاوەن پیشەوەرانی ناو شاری هەولێر بەروبوومە شیرەمەنییەکان، گۆشت، بەروبوومی پەلەوەر، ئاژەڵی، خواردنەوە گازییەکان، شەربەت، کاڵا و شتومەک و خواردنە لەقوتووکراوەکان بەهەموو جۆرەکانیەوە، لەبەردەم شوێنەکان دادەنرێت، سەرەڕای ئەوەی سەرپێچیی زێدەڕۆیی شارەوانین، پلەی گەرمیی تیشکی خۆر کاریگەری دەکاتە سەر پێکهاتەی کاڵاکە و دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون".

باس له‌وه‌ش كراوه‌: "لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بۆمەبەستی پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان بەپێویستمان زانی بە قەدەغەکردنی ئەم دیاردەیە بەهیچ شێوەیەک ڕێگا نەدرێت".

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، بۆ ئەم مەبەستە ئاگاداری سەرجەم شارەوانییەکان کراوەتەوە، بۆنەهێشتنی ئەم دیاردەیە کاری پێویست ئەنجام بدەن.

قایمقامیەتى قەزاى ناوەندیى هه‌ولێر داوا لە هاووڵاتییان ده‌كات: "لەکڕینی ئەم کاڵایانە خۆیان بەدوور بگرن".










باسنيوز
Top