بەرپرسی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتی: چاوەڕێ بووین یەکێتی پۆستێکی سیادیمان پێ بدات

بەرپرسی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتی: چاوەڕێ بووین یەکێتی پۆستێکی سیادیمان پێ بدات
بەرپرسی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، چاوەڕێ بوون حزبەکەی وەزارەتێکی سیاسی لە پشکی خۆی بە یەکێتییەکانی بادینان بدات، بەڵام پێیان نەدراوە، بۆیە دەبێ قەرەبوو بکرێنەوە.

لە ماوەی رابردوودا کادیر و لایەنگرانی یەکێتی لە بادینان، بە تەواوی لە سەرکردایەتیی حزبەکەیان نیگەران بوون، بەهۆی پشتگوێخستنیان و دانانی خەڵکی ناوچەکانی دیکە بۆ پۆستە وەزارییەکان.

لەمبارەیەوە عەبدولباری زێباری، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە دھۆک ڕايگەیاند: ”ئێمە لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتی لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامداین بۆ قەرەبووکردنەوە و پێدانی پۆستە جێبەجێکارییەکان، لەبەر ئەوەی پێمان وایە کە ١٢٪ی کۆی گشتیی دەنگەکانی یەکێتی لە دەڤەرەکەی ئێمەوە ھاتووە، دەبێ دەڤەری بادینان حیسابێکی تایبەتی بۆ بکرێت و یەکێتی لە پۆستە جێبەجێکارییەکاندا قەرەبووی بکاتەوە“.

ھاوکات بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە دھۆک نەیشاردەوە کە ”بەدڵنیاییەوە پێشبینی ئەوەمان دەکرد بە پۆستە سیادییەکاندا بێنە خوارەوە، بەڵام پۆستی سیادیمان پێ نەدرا“.

ئەوەشی خستە ڕوو کە قسەی خۆیان و کادیرەکانی دەڤەری بادینانیان ”بە ڕوون و ئاشکرا و ڕاستەوخۆ“ گەیاندووەتە سەرکردایەتیی یەکێتی، بۆیە ”چاوەڕوانین بزانین بابەتەکە دەگات بە چ قۆناغێک و ئێمەش لەو کاتەدا قسەی خۆمان دەبێت“.










باسنيوز
Top