میری ئێزدیانی جیهان: لە ئەمڕۆ بەدواوە خزمەتکاری گەلی خۆم دەبم
لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لەناو پەرستگەی لالەش لە قەزای شێخان، سوێندی ئایینیی تایبەت بە کوردانی ئێزدیی بەجێ هێنا.
پاشان میر حازم تەحیسن بەگ، میری ئێزدیانی جیهان لە پەیڤێکدا گوتی: "بەناوی خودای دلۆڤان، خوشک و برایانی عەزیز و گەلی ئێزدییان بەخێر بێن، پاش کۆچی دوایی میر تەحیسن، لە نێوان ئەنجومەن و جڤاتی ڕۆحانی و کەسایەتییەکانی ئێزدی، کۆبوونەوە بۆ دەستنیشانکردنی میری نوێ پێکهات".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ساڵانی رابردوو ئەو کردەوەیەی داعش بەسەر ئێزدییەکانیدا هات، بەڵام ئێمە کۆڵمان نەدا و بەردەوامین لە ژیان و چالاکیی خۆمان، بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە چەدان لایەنی بیانی و ناوخۆیی پشتگیریی ئێمەیان کردووە و ئێمە ئەمڕۆ ئەنجومەنێکی نوێی ڕۆحانیی نوێ دەستنیشان دەکەین و لە ئەمڕۆ بەدواوە خزمەتکاری گەلی خۆم دەبم".
میر حازم گوتیشی: "ئێمە بە هەموو هێزی خۆمان پشتگیریی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق دەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەوروبەری و بەخێرهاتنی هەموو سەرۆک عەشیرە و هۆز و ئایینە جیاوازەکان و دەکەین کە هاتوونەتە لالش سوپاس بۆ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سوپاس بۆ هەموو و پێشمەرگە کە چێای شنگال و لالشیان پاراست و سوپاس بۆ هەموو خەڵکی کوردستان کە پشتیوان و پاڵپشتمان بوون".
باسنيوز
