هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی کورد کۆچی دوایی کرد

 هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی کورد کۆچی دوایی کرد


کاتژمێر ١٠ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی٧ی٢٠١٩ محەمەدئەمین خواشتی، هونەرمەندی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سنە بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی 76ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.



محەمەدئەمین قادری ناسراو بە (حەمامین خواشتی) کە بە هونەرمەندی فۆلکلۆربێژ و ڕەسەنی ناوچەکانی سنە، مەریوان و هەورامانی ڕۆژهەڵات ناسراوە خەڵکی گوندی "خواشت"ی سەر بە ناحیەی "کەڵاتەرزان"ی پارێزگای سنەیە.

هونەرمەدن محەمەدئەمین خواشتی، ساڵی 1943ی لە گوندی خواشت لەدایک بووە هەرچەند بە شێوەزار هەورامی نەبوو، بەڵام بە شارەزاییەکی زۆر نەزم و ئاهەنگە هەورامییەکان و یەک لەوان سیاچەمانەی دەچڕی و وەک یەکێک لە هونەرمەندە ناسراوەکانی هەورامن دێتە ئەژمار و خزمتێکی زۆری بە گۆرانی و میوزیکی ڕەسەنی هەورامان و فۆلکلۆری ناوچەکە کردووە.



ئەم هونەرمەندە لە سەردەمی گەنجێتیدا بەهۆی شۆرتی کارەباوە کەمئەندام ببوو و بە باشی نەیدەتوانی ڕێ بکات، بەڵام کەمئەندامبوون نەبووە هۆی ئەوەی دەست لە کار و تێکۆشان هەڵبگرێت و لە خزمەتی گۆرانی و هونەری کوردی بەردەوام بوو.



لەمبارەوە زاهید هه‌ورامی، هونه‌رمه‌ندی هه‌ورامان كه‌ له‌ شاری كامیاران داده‌نیشێت بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هەواڵەکە ڕاستە بڕیارە‌ ئه‌مڕۆ له‌ رێوره‌سمێكی شایسته‌دا تەرمی محەمەدئەمین خواشتی له گۆڕستانی "بەهەشتی محەمەدی" و لە ڕیزی هونەرمەندان و بە ئامادەبوونی جەماوری هەورامان و سنە و به‌خاك بسپێرێت".



ئەو هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندانی ناوچه‌ی هه‌ورامان (سه‌باح هه‌ورامی، فه‌رزاد هه‌ورامی و سدیق ئافریانی و یه‌حیای رواری و فه‌تحوڵا‌ ئه‌منی و سیروان كێمنیەیی" و چه‌ندان هونه‌رمه‌ندی دیكه‌ گۆرانیی هه‌یه‌".



مەحەمدئەمین خواشتی، چەندان ساڵە دانیشتووی سنە بووە و ماوەی پێنج ساڵە بەهۆی نەخۆشییەوە لەناو جێگەدا کەتبوو.








باسنیوز
Top