نووسینگەی نەجمەدین کەریم: هەوڵی پاککردنەوەی کەرکووک لە جاش و خیانەتکاران دەدەین

 نووسینگەی نەجمەدین کەریم: هەوڵی پاککردنەوەی کەرکووک لە جاش و خیانەتکاران دەدەین
نووسینگەی پارێزگاری شەرعیی کەرکووک بە توندی وەڵامی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری دایەوە و هاووڵاتییانی لەوە دڵنیا کردەوە کە لە هەوڵەکانیان بۆ پاککردنەوەی کەرکووک ”لە جاش و خیانەتکاران و خۆفرۆشان“ بەردەوام دەبێت.



بەپێی ڕوونکردنەوەیەکی نووسینگەی نەجمەدین کەریم، ئاماژە ، لە دوای پەسندکردنی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، ”چەند راگەیاندنێکی سێبەر و دارودەستە و چڵکاوخۆرەکانی رەفعەت عەبدوڵا و بەشێکی تری خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر“، دەستیان کردووە بە بڵاو کردنەوەی پروپاگەندە و لێدوانی ناڕاست لە دژی نەجمەدین کەریم.



نووسینگەکەی پارێزگاری شەرعیی کەرکووک جەختی کردووەتەوە: ”ھەر ساتە و بە روویەکی رەشی ناشرین کە لە ڕووی ڕاستەقینەی ئەم گرووپە نزیکە، شتی بێ بنەما و راپۆرت و ھەواڵی چەواشەکاری بڵاو دەکەنەوە، بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین کە ئەم گرووپە ئەوانەن کە سەرکردایەتیی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان کردووە و نزیکەی لە ٪‏ ٥١ خاکی کوردستانیان ڕادەستی ناحەزان و داگیرکەران کردووە، ئێستا بۆ شاردنەوەی ئەو خیانەتەیان و سپی کردنەوەی ڕووی رەشی خۆیان، ھەواڵی بێ بنەما و دوور لەراستی بڵاو دەکەنەوە“.



هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا باس لەوە کراوە: ”دانیشتووانی شاری کەرکووکی سەربەرز و کوردستان بە گشتی، زۆر وریا و تێگەیشتوون و ھیچ باوەڕێکیان بە خیانەتکاران و خۆفرۆشان نەماوە، چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە رۆژێک بێت سەرجەم ئەوانەی خیانەتیان لە نەتەوەکەیان و شارەکەیان کردووە، رادەستی دادگای میللەت بکرێن و بگەن بە سزای خۆیان“.



هاووڵاتییانیشیان لەوە دڵنیا کردووەتەوە کە لە کاری خۆیان بەردەوام دەبن و ”پروپاگەندەی ئەو گرووپە خیانەتکارە“ هیچ کارێکیان لێناکات، بەڵکوو زیاتر ھەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ بۆ پاککردنەوەی کەرکووک لە ”جاش و خیانەتکار و خۆفرۆشان“.











باسنيوز
Top