شاندێکی باڵای پارتی بۆ پاڵپشتیی حکوومەت لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆ بوونەوە
سەمیر هەورامی، وتەبێژی ڕەسمیی بەڕێز جێگری سەرۆكوەزیران ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ 25ی تەمووزی 2019 وەفدێکی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، بە مەبەستی پیرۆزباییكردن و دەربڕینی پاڵپشتی، لە هەولێر سەردانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانیان كرد و پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ كابینەی نوێ دەربڕی و باسیان لەوە كرد چاوەڕوانییەكانی خەڵك لەم كابینەیە زۆرە لە جێبەجێكردنی بەرنامەی کاری حکوومەت بە ئاراستەی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان."
سەمیر هەورامی، ئاماژەی بەوەش دا کە لە دانیشتنەكەدا هەردوولا گەشبینیی خۆیان پێشان دا بە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی بەغدا و هەولێر بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتیی کێشە هەڵپەسێردراوەکان. قوباد تاڵەبانیش وێڕای سوپاسكردنی وەفدی میوان و نرخاندنی سەردان و پاڵپشتییەكەیان ئەوەی بۆ ڕوون كردنەوە کە هەموو هەوڵ و گرنگیدانێكیان بۆ خزمەتكردنی خەڵك و جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نوێ دەبێت كە ژمارەیەك ڕێوشوێن و چاكسازی لەخۆ دەگرێت و لەم بارەیەوە گەشبینیی خۆی پێشان دا.
kdp -
